سلێمان خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر کرد و کچەکەی فیرعەونی هێنا. کچەکەی بردە شاری داود هەتا ئەو کاتەی لە بنیادنانی کۆشکەکەی و پەرستگای یەزدان و شووراکەی چواردەوری ئۆرشەلیم بووەوە. لەو کاتە گەل لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانییان سەردەبڕی، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانە پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان دروستنەکرابوو. سلێمانیش خۆشەویستی بۆ یەزدان دەربڕی بەوەی بەپێی فەرزەکانی داودی باوکی دەڕۆیشت، تەنها ئەوە نەبێت کە لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانی سەردەبڕی و بخووری دەسووتاند. پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە. لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟» سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ. «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە. خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن. ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»
یەکەم پاشایان 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پاشایان 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پاشایان 1:3-9
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان