ئینجا ساموئێل گۆزە زەیتەکەی هەڵگرت و بەسەر سەری شاولدا ڕشتی و ماچی کرد و گوتی: «ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردوویت ببیتە فەرمانڕەوای میراتەکەی؟ ئەمڕۆ کە لای من دەڕۆیت، لەلای گۆڕی ڕاحێل لە سنووری بنیامین لە چەلچەح دوو پیاو دەبینیت و پێت دەڵێن: ”ماکەرەکان دۆزرانەوە کە بۆ دۆزینەوەیان ڕۆیشتن، ئەوەتا باوکت وازی لە بابەتی ماکەرەکان هێناوە و دڵی لای ئێوەیە، دەڵێت، ’چی بکەم سەبارەت بە کوڕەکەم؟‘ “ «ئینجا ئەوێ بەجێدەهێڵیت و دەڕۆیت، هەتا دەگەیتە دار بەڕووەکەی تاڤۆر، لەوێدا سێ پیاو دەبینیت بۆ لای خودا سەردەکەون بۆ بێتئێل، یەکێکیان سێ کارەبزن و ئەوی دیکەیان سێ کولێرە و ئەوی دیکەشیان مەشکەیەک شەرابی هەڵگرتووە. ئەوان سڵاوت لێ دەکەن و دوو نانت دەدەنێ و تۆش لە دەستیان وەردەگریت. «پاشان بۆ گیڤعای خودا دەڕۆیت کە سەربازگەی فەلەستییەکانی لێیە. لەوێ کاتێک دەگەیتە شارۆچکەکە، دەستەیەک لە پێغەمبەران دەبینیت کە لە نزرگەی سەر بەرزاییەکەوە دابەزیون و لەبەردەمیانەوە ساز و دەف و شمشاڵ و قیسارە لێدەدرێت و ئەوانیش حاڵ دەگرن. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە دێتە سەرت و لەگەڵ ئەوان حاڵ دەگریت و دەگۆڕدرێیت بۆ پیاوێکی دیکە. کاتێک ئەم نیشانانە هاتن، ئەوەی لە دەستت دێ بیکە، چونکە خودات لەگەڵدایە. «لەپێشمەوە دابەزە بۆ گلگال و منیش وا بۆ لای تۆ دادەبەزم هەتا قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەم و قوربانی هاوبەشی سەرببڕم، حەوت ڕۆژ چاوەڕوان دەبیت هەتا دێمە لات و نیشانت دەدەم چی بکەیت.» کاتێک شاول ڕووی وەرگێڕا بۆ ئەوەی لەلای ساموئێل بڕوات، خودا دڵێکی دیکەی بە شاول دا و هەموو ئەو نیشانانەش لەو ڕۆژەدا هاتنە دی. کاتێک گەیشتنە گیڤعا، دەستەیەک لە پێغەمبەران بەرەو ڕووی هاتن، جا ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و لە ناوەڕاستیاندا حاڵی گرت. کاتێک ئەوانەی کە پێشتر دەیانناسی بینییان لەگەڵ پێغەمبەرەکان حاڵی گرتووە، خەڵکەکە هەریەکە و بەوی دیکەی گوت: «ئایا لە کوڕەکەی قیش چی ڕوویداوە؟ ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟» جا پیاوێک لەوێ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی باوکیان کێیە؟» بۆیە ئەمە بووە بە پەند: «ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟» پاش ئەوەی لە حاڵ گرتن بووەوە، شاول چوو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە. مامی شاول بە ئەو و بە خزمەتکارەکەی گوت: «بۆ کوێ چوون؟» ئەویش گوتی: «بۆ گەڕان بەدوای ماکەرەکاندا، بەڵام کاتێک بینیمان نادۆزرێنەوە چووین بۆ لای ساموئێل.»
یەکەم ساموئێل 10 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 10
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 1:10-14
Save verses, read offline, watch teaching clips, and more!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان