ئینجا ساموئێل گەلی بۆ لای یەزدان بۆ میچپا بانگکرد و بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من ئیسرائیلم لە میسرەوە هێنایە دەرەوە و فریاتان کەوتم لە دەست میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەو پاشاییەتییانەی کە دەیانچەوساندنەوە.“ بەڵام ئێوە ئەمڕۆ خودای خۆتان ڕەتکردووەتەوە کە لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەکتان ڕزگاری کردوون، پێی دەڵێن: ”نەخێر، بەڵکو پاشایەکمان بۆ دابنێ.“ ئێستاش بەپێی هۆز و خێڵەکانتان لەبەردەم یەزداندا ڕاوەستن.» ئینجا ساموئێل هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە و هۆزی بنیامین هەڵبژێردرا. ئینجا هۆزی بنیامینی بەگوێرەی خێڵەکانیان هێنایە پێشەوە، لەنێویاندا خێڵی ماتری هەڵبژێردرا، لە ئەنجامدا شاولی کوڕی قیش هەڵبژێردرا. ئینجا بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە. جا جارێکی دیکە لە یەزدانیان پرسی: «ئایا ئەو پیاوە بۆ ئێرە دێت؟» یەزدانیش فەرمووی: «ئەوەتا خۆی لەناو شتومەکەکاندا شاردووەتەوە.» ئەوانیش ڕایانکرد و لەوێوە هێنایان، کە لەنێو گەلدا ڕاوەستا، لە شانی و بەسەرەوە لە هەموو خەڵکی باڵای بەرزتر بوو. ئینجا ساموئێل بە هەموو گەلی گوت: «ئەوتان بینی کە یەزدان هەڵیبژاردووە، لەنێو هەموو گەلدا کەس لە وێنەی ئەو نییە.» ئینجا هەموو گەل هاواریان کرد و گوتیان: «بژی پاشا!» ئینجا ساموئێل باسی یاسای بەڕێوەبردنی پاشایەتی بۆ گەل کرد و لە تۆمارێکدا نووسییەوە و لەبەردەم یەزداندا داینا. پاشان ساموئێل هەموو گەلی ڕەوانە کرد، هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی. هەروەها شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گیڤعا لەگەڵ ئەو قارەمانانەی کە خودا خستبوویە دڵیانەوە. بەڵام خەڵکانێکی گێرەشێوێن گوتیان: «چۆن ئەمە ڕزگارمان دەکات؟» جا بە کەم تەماشایان کرد و هیچ دیارییەکیان پێشکەش نەکرد. بەڵام شاول لێی بێدەنگ بوو.
یەکەم ساموئێل 10 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 10
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 17:10-27
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان