لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 1:19-7

یەکەم ساموئێل 1:19-7 KSS

ئیتر شاول بە یۆناتانی کوڕی و هەموو خزمەتکارەکانی گوت کە داود بکوژن. بەڵام یۆناتانی کوڕی شاول لە دڵەوە داودی خۆشدەویست. جا یۆناتان داودی ئاگادار کردەوە و گوتی: «شاولی باوکم دەیەوێ بتکوژێت. بەیانی ئاگات لە خۆت بێت و لە حەشارگەیەکدا بمێنەوە، خۆت بشارەوە. منیش دەچم و لەتەنیشت باوکمەوە لەو کێڵگەیەدا ڕادەوەستم کە خۆتت تێیدا شاردووەتەوە، لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم و تەماشا دەکەم بزانم چی دەبێت و پێتی ڕادەگەیەنم.» ئینجا یۆناتان بە چاکە دەربارەی داود بۆ شاولی باوکی قسەی کرد و گوتی: «با پاشا خراپەیەک دەرهەق بە داودی خزمەتکاری خۆی نەکات، چونکە ئەو خراپەی دەرهەق بە تۆ نەکردووە و کارەکانیشی دەرهەق بە تۆ زۆر چاکن. ئەو ژیانی خۆی خستە سەر دەستی و فەلەستییەکەی کوشت، یەزدانیش ڕزگارییەکی گەورەی بۆ هەموو ئیسرائیل هێنایە ئاراوە، تۆ خۆت بینیت و دڵخۆش بوویت، ئیتر بۆچی خراپە دەرهەق بە خوێنی بێتاوانێک دەکەیت، بەبێ هۆ داود دەکوژیت؟» شاولیش گوێی لە دەنگی یۆناتان گرت، شاول سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، داود ناکوژرێت.» ئینجا یۆناتان داودی بانگکرد و هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاند، یۆناتان داودی هێنایەوە لای شاول و ئیتر وەک جاران لەبەردەمیدا بوو.