لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 12:2-26

یەکەم ساموئێل 12:2-26 KSS

کوڕەکانی عێلیش بەدکار بوون و یەزدانیان نەدەناسی. بەپێی ڕێوڕەسمی کاهینیێتی لەگەڵ گەل، کاتێک هەرکەسێک قوربانییەکی پێشکەش دەکرد، خزمەتکاری کاهینەکە لە کاتی لێنانی گۆشتەکە دەهات و چەنگاڵێکی سێ ددانی لەدەست بوو، دەیکرد بەناو لەگەنەکە یان دەفرەکە یان تاوەکە یان مەنجەڵەکە. هەرچی بەسەر چەنگاڵەکەوە دەبوو، کاهین بۆ خۆی دەبرد. لە شیلۆ بەم شێوەیان دەکرد لەگەڵ هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی دەهاتنە ئەوێ. هەروەها پێش ئەوەی پیوەکە بسووتێنن، خزمەتکارەکەی کاهین دەهات و بەو پیاوەی دەگوت کە قوربانییەکەی کردبوو: «گۆشت بدە بە کاهین بۆ برژاندن، چونکە گۆشتی کوڵاوت لێ وەرناگرێت، بەڵکو تەنها خاو.» پیاوەکەش پێی دەگوت: «با یەکەم جار پیوەکە بسووتێنرێت، پاشان هەرچی ئەوەی ئارەزووی دەکەیت بیبە.» ئەویش دەیگوت: «نا، بەڵکو ئێستا دەیدەیت، ئەگەر نا، بە زۆر دەیبەم.» جا گوناهی هەرزەکارەکان لەبەردەم یەزدان زۆر گەورە بوو، چونکە خەڵکی سووکایەتییان بە پێشکەشکراوی یەزدان دەکرد. بەڵام ساموئێل هەر لە منداڵییەوە لەبەردەم یەزدان خزمەتی دەکرد و ئێفۆدێکی کەتانی لەبەر بوو. دایکیشی ساڵ لەدوای ساڵ کەوایەکی بچووکی بۆ دروستدەکرد و کە لەگەڵ مێردەکەی دەڕۆیشت بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆی دەبرد. عێلیش بۆ ئەلقانە و ژنەکەی داوای بەرەکەتی کرد و گوتی: «یەزدان لەم ژنەوە وەچەت بۆ بخاتەوە لە جیاتی ئەوەی نوێژی بۆ کرد و بە یەزدانی دا.» ئینجا چوونەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان. جا کە یەزدان حەنای بەسەرکردەوە، سکی پڕ بوو و سێ کوڕ و دوو کچی بوو. لەو ماوەیەدا ساموئێلی کوڕی لەبەردەم یەزداندا گەورە بوو. عێلی زۆر پیر بوو و هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە کوڕەکانی دەرهەق بە ئیسرائیل دەیانکرد و هەروەها چۆن جووت دەبوون لەگەڵ ئەو ژنانەی لەبەردەم دەرگای چادری چاوپێکەوتندا خزمەتیان دەکرد. جا لێی پرسین: «بۆچی ئەم شتانە دەکەن؟ لەلای هەموو ئەم گەلە من ڕەفتارە خراپەکانتانم بیستووە. نەخێر کوڕەکانم، ئەو هەواڵەی کە دەیبیستم لەنێو گەلی یەزدان بڵاو دەکرێتەوە باش نییە. ئەگەر کەسێک دەرهەق بە کەسێک گوناه بکات، خودا ناوبژیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک دەرهەق بە یەزدان گوناه بکات، کێ داکۆکیی لێ دەکات؟» بەڵام گوێیان لە قسەی باوکیان نەگرت، چونکە یەزدان خوازیار بوو بیانمرێنێت. بەڵام ساموئێلی منداڵ بەردەوام بوو لە گەشەکردن، یەزدان و خەڵکیش زیاتر لێی ڕازی دەبوون.