ساموئێلی منداڵیش لەلای عێلی خزمەتی یەزدانی دەکرد و لەو ڕۆژانەدا فەرمایشتی یەزدانیش دەگمەن بوو، پێشبینیش زۆر ڕانەدەگەیەنرا. لەو کاتەی عێلی چاوەکانی کز ببوون و توانای بینینی نەبوو، شەوێکیان لە شوێنەکەی خۆیدا پاڵکەوتبوو، ساموئێلیش لە چادری پەرستنی یەزدان پاڵکەوتبوو، کە سندوقی خودای لێبوو، بەر لەوەی چرای خودا بکوژێتەوە، جا یەزدان ساموئێلی بانگکرد. ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» ئینجا ڕایکرد بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» عێلیش گوتی: «بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ئەویش ڕۆیشت و پاڵکەوتەوە. یەزدان دووبارە ساموئێلی بانگکردەوە، ساموئێلیش هەستا و بۆ لای عێلی ڕۆیشت و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» عێلیش گوتی: «کوڕم بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ساموئێلیش هێشتا یەزدانی نەناسیبوو و هێشتا فەرمایشتی یەزدانی بۆ ڕانەگەیەنرابوو. بۆ سێیەم جار یەزدان ساموئێلی بانگکردەوە، ئەویش هەستا و ڕۆیشت بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.» ئینجا عێلی تێگەیشت کە یەزدانە منداڵەکە بانگ دەکات. جا عێلی بە ساموئێلی گوت: «بڕۆ و پاڵبکەوە، ئەگەر بانگی کردیت، بڵێ: ”بفەرموو یەزدان، بەندەت گوێی گرتووە.“» ساموئێلیش ڕۆیشت و لە شوێنەکەی خۆی پاڵکەوتەوە. ئینجا یەزدان هات و وەستا و وەک جارەکانی پێشوو بانگی کرد: «ساموئێل! ساموئێل!» ساموئێلیش گوتی: «بفەرموو، بەندەت گوێی گرتووە.» یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «ئەوەتا من لەناو ئیسرائیلدا خەریکە شتێک دەکەم، کە گوێیەکانی هەرکەسێک بیبیستێت بزرنگێتەوە. لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوەی لە دژی عێلیم فەرموو سەبارەت بە ماڵەکەی، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی جێبەجێی دەکەم. من پێم ڕاگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە سزا بەسەر بنەماڵەکەیدا دەسەپێنم لەبەر ئەو گوناهەی کە خۆی دەیزانێت، چونکە کوڕەکانی کفریان بە خودا کرد و ئەویش ڕێی لێ نەگرتن. لەبەر ئەوە سوێندم بۆ ماڵی عێلی خوارد، کە تاوانەکەی بنەماڵەی عێلی هەرگیز کەفارەتی بۆ نەکرێت، نە بە قوربانی سەربڕاو و نە بە پێشکەشکراو.»
یەکەم ساموئێل 3 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 3
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 1:3-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان