لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 1:7-6

یەکەم ساموئێل 1:7-6 KSS

ئینجا پیاوانی قیریەت یەعاریم هاتن و سندوقی یەزدانیان سەرخست و بردیانە ژوورەوە بۆ ماڵی ئەبیناداب کە لەسەر گردەکە بوو، ئەلعازاری کوڕیان تەرخان کرد بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی یەزدان. ئەوە بوو لە ڕۆژی داگرتنی سندوقەکەوە لە قیریەت یەعاریم، ماوەکە درێژەی کێشا و بیست ساڵی خایاند، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان بە لاوانەوەوە نزایان دەکرد. ساموئێل بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر ئێوە دەتانەوێ بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان، ئەوا ئەو خوداوەندە بێگانانە و عەشتۆرەتەکان لەنێو خۆتان دووربخەنەوە و دڵتان بۆ یەزدان ئامادە بکەن و تەنها ئەو بپەرستن، ئەویش لە دەست فەلەستییەکان فریاتان دەکەوێت.» نەوەی ئیسرائیلیش بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانیان دوورخستەوە و بە تەنها یەزدانیان پەرست. ئینجا ساموئێل گوتی: «هەموو ئیسرائیل لە میچپا کۆبکەنەوە هەتا لە پێناوی ئێوە لە یەزدان بپاڕێمەوە.» ئەوانیش لە میچپا کۆبوونەوە، ئاویان کێشا و لەبەردەم یەزداندا ڕشتیان، لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوون، لەوێ گوتیان: «ئێمە گوناهمان لە دژی یەزدان کردووە.» ساموئێل لە میچپادا ڕابەرایەتی نەوەی ئیسرائیلی کرد.