لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 20:20-37

دووەم پوختەی مێژوو 20:20-37 KSS

بەیانی زوو لە خەو هەستان و چوون بۆ چۆڵەوانی تەقۆعە، لە کاتی بەڕێکەوتنیان یەهۆشافات ڕاوەستا و گوتی: «ئەی خەڵکی یەهودا و ئۆرشەلیم، گوێم لێ بگرن! بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان هەبێت، دڵنیابن و بڕواتان بە پێغەمبەرەکانی هەبێت سەرکەوتوو دەبن.» لەدوای ئەوەی یەهۆشافات ڕاوێژی بە گەل کرد، گۆرانیبێژی دانا بۆ ئەوەی ستایشی یەزدان بکەن بۆ شکۆی پیرۆزی، کاتێک لەپێش سوپاکە دەڕۆن بڵێن: «سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» کاتێک دەستیان بە گۆرانی و ستایش کرد، یەزدان چەند بۆسەیەکی بۆ عەمۆنی و مۆئابییەکان و خەڵکی کێوی سێعیر نایەوە کە هاتبوون بۆ پەلاماردانی یەهودا، ئیتر شکان. عەمۆنی و مۆئابییەکان هەڵیانکوتایە سەر دانیشتووانی کێوی سێعیر تاکو قڕیان بکەن و لەناویان ببەن. دوای ئەوەی لە کوشتوبڕی دانیشتووانی سێعیر بوونەوە، بەربوونە یەکتری و یەکترییان لەناوبرد. کاتێک پیاوانی یەهودا گەیشتنە شوێنی چاودێریکردن لە چۆڵەوانی، تەماشای ئاپۆرەی سوپاکەیان کرد هەموو لاشەن و لەسەر زەوییەکە کەوتوون و کەس دەرباز نەبووە. ئیتر یەهۆشافات و گەلەکەی هاتن بۆ تاڵانکردنی دەستکەوتەکان، جا شتومەک و جلوبەرگ و کەلوپەلی گرانبەهای زۆریان دۆزییەوە، بەڵام هێندە زۆر بوو کە نەیانتوانی باریان بکەن. سێ ڕۆژ خەریکی تاڵان بردن بوون. لە ڕۆژی چوارەم لە دۆڵی بەراخا کۆبوونەوە، لەوێش ستایشی یەزدانیان کرد، لەبەر ئەوە شوێنەکەیان ناو نا دۆڵی بەراخا کە هەتا ئەمڕۆش بەو ناوەوە ناودەبردرێت. ئینجا هەموو پیاوانی یەهودا و ئۆرشەلیم بە ڕابەرایەتی یەهۆشافات بە خۆشییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم، چونکە یەزدان بە دوژمنەکانیان خۆشی کردن. بە قیسارە و ساز و کەڕەناوە چوونە ناو ئۆرشەلیمەوە بۆ پەرستگای یەزدان. بەو شێوەیە ترسی یەزدان لە هەموو پاشایەتی خاکەکانی دیکە نیشت، کاتێک کە بیستیانەوە یەزدان شەڕی لەگەڵ دوژمنەکانی ئیسرائیلدا کردووە. ئیتر ئاشتی لەنێو پاشایەتییەکەی یەهۆشافات بەرقەرار بوو، خودا لە هەموو لایەکەوە حەساندییەوە. یەهۆشافات بەم شێوەیە پاشایەتی یەهودای کرد. لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشای یەهودا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو. ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی. بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا بە تەواوی دڵیان بە خودای باوباپیرانیان نەدابوو. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی یێهوی کوڕی حەنانی تۆمار کراون، ئەوەی لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. پاش ئەمانە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا لەگەڵ ئەحەزیای پاشای ئیسرائیلدا کە خراپەکار بوو هاوپەیمانییەتی بەست. یەکیانگرت لە دروستکردنی کەشتی بازرگانی و لە عەچیۆن گەڤەر چەند کەشتیگەلێکیان دروستکرد. بەڵام ئەلیعەزەری کوڕی دۆداڤاهو کە خەڵکی مارێشا بوو لەسەر یەهۆشافات پێشبینی کرد و گوتی: «لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحەزیا هاوپەیمانییەتیت بەست، ئەوەی ئێوە دروستتان کرد یەزدان تێکیدەشکێنێت.» ئیتر کەشتییەکان شکان و نەیانتوانی گەشتی بازرگانی بکەن.