لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 15:36-23

دووەم پوختەی مێژوو 15:36-23 KSS

یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەردەوام لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە پەیامی بۆ دەناردن، چونکە بەزەیی بە گەلەکەی و بە ماڵەکەیدا هاتەوە. بەڵام گاڵتەیان بە نێردراوەکانی خودا کرد و نرخیان بۆ وشەکانی ئەو دانەنا و سووکایەتییان بە پێغەمبەرەکانی کرد، هەتا تووڕەیی یەزدان لە گەلەکەی ورووژا، بە ڕادەیەک کە چارەسەر نەبوو. ئیتر پاشای بابلییەکانی ناردە سەریان و لە پیرۆزگاکەیاندا گەنجەکانی ئەوانی بە شمشێر کوشت و بەزەیی بە کوڕ و کچی گەنج و پیر و ڕیش سپیدا نەهاتەوە، بەڵکو هەموویانی دا بە دەستی نەبوخودنەسرەوە. هەموو قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا لە گەورە و بچووک، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان، گەنجینەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی، هەمووی بۆ بابل هێنا. پەرستگای خودایان سووتاند و شووراکەی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند و هەموو کۆشکەکانیان سووتاند و هەموو قاپوقاچاغە بەهادارەکانیان لەناوبرد. ئەوانەی مانەوە و بە شمشێر نەکوژران، ڕاپێچی کردن بۆ بابل، جا بۆ خۆی و بۆ کوڕەکانی بوون بە خزمەتکار هەتا کاتی بەهێزبوونی شانشینی فارس. زەوییەکە بە تەواوی پشووی دا؛ لە ماوەی کاولبوونیدا پشووی دا هەتا تەواوبوونی حەفتا ساڵ، بەمەش فەرمایشتەکەی یەزدان هاتە دی کە لەسەر زاری یەرمیا فەرمووبووی. لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا: «کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت: «”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. هەرکەسێک لە ئێوە کە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵ بێت و بڕوات.“»