لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 11:12-21

دووەم کۆرنسۆس 11:12-21 KSS

بوومە گێل، بەڵام ئێوە ناچارتان کردم. دەبووایە ئێوە پێمدا هەڵبدەن، چونکە هیچم لە «نێردراوە بەرزەکان» کەمتر نییە، هەرچەندە هیچ نیم. بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە نیشانەکانی نێردراو لەنێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. چیتان لە کڵێساکانی دیکە کەمترە، جگە لەوەی کە خۆم نەبوومەتە بارێکی گران بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیە گەردنم ئازاد بکەن! ئەوا سێیەم جارە ئامادەم بێمە لاتان، نابمە بارگرانی بۆتان. داوای شتەکانتان ناکەم، بەڵکو داوای ئێوە دەکەم، چونکە پێویست ناکات منداڵ بۆ دایک و باوک کۆبکەنەوە، بەڵکو پێویستە دایک و باوک بۆ منداڵ کۆبکەنەوە. منیش بەوپەڕی شادییەوە بۆ ئێوە خەرج دەکەم، خۆم خەرجی دەکەم. ئەگەر ئێوەم زۆرتر خۆشدەوێت، ئایا منتان کەمتر خۆشدەوێت؟ ئیتر با وابێت، بارم گران نەکردوون. بەڵام کە فێڵبازم، بە فێڵ لێم سەندوون. ئایا ئەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون، هیچ قازانجێکیان بۆ خودی خۆم هەبووە؟ لە کاتێکدا لە تیتۆس پاڕامەوە تاوەکو بێت بۆ لاتان، ئەو برایەی کە خۆتان دەیناسن لەگەڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچ قازانجێکی کردووە؟ ئایا بە هەمان ڕۆح ناژین، بە هەمان هەنگاو ناڕۆین؟ ئایا پێتان وابووە ئەم ماوە درێژە ئەوەی کە دەیڵێین بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆمان؟ نەخێر، وەک ئەوانەی کە لەگەڵ مەسیحدا یەکن، لەبەردەم خودا قسەمان کردووە. ئەی خۆشەویستان، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئێوە بنیاد بنێین، چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنان ‏و بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت. هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.