ژنی پیاوێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران هاواری بۆ ئەلیشەع کرد و گوتی: «گەورەم، تۆ دەزانیت کە مێردەکەم لە یەزدان دەترسا، بەڵام بە قەرزاری مرد. بەڵام ئێستا خاوەن قەرزەکەی هاتووە تاکو دوو کوڕەکەم بۆ خۆی بکاتە کۆیلە.» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چیت بۆ بکەم؟ پێم بڵێ لە ماڵەوە چیت هەیە؟» ئەویش گوتی: «کەنیزەکەت لە ماڵەوە جگە لە گۆزەیەک زەیت هیچی دیکەی نییە.» ئەلیشەعیش گوتی: «بڕۆ لە دەرەوە لە هەموو دراوسێکانت داوای قاپوقاچاغ بکە. قاپوقاچاغێکی زۆر بهێنە نەک کەم. پاشان بڕۆ ژوورەوە و دەرگا لەسەر خۆت و کوڕەکانت دابخە، زەیت لەناو هەموو قاپەکان بکە، ئەوەی پڕبوو لەلایەک دایبنێ.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و دەرگاکەی لەسەر خۆی و کوڕەکانی داخست، ئەوان قاپەکانیان بۆی دەهێنایە پێشەوە و ئەویش تێی دەکردن. کاتێک قاپەکان پڕ بوون، بە کوڕەکەی گوت: «قاپێکی دیکەم بۆ بهێنە.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «هیچ قاپێک نەماوە.» ئیتر زەیتەکە وەستا. ژنەکە چوو و بە پیاوەکەی خودای ڕاگەیاند، ئەویش گوتی: «بڕۆ زەیتەکە بفرۆشە و قەرزەکەت بدەرەوە، ئەوەش کە دەمێنێتەوە خۆت و کوڕەکانت پێی بژین.» ڕۆژێکیان ئەلیشەع چوو بۆ شونێم، لەوێ ژنێکی ناودار هەبوو، پێداگری کرد لەلای ئەو نان بخوات. ئیتر هەر کاتێک دەپەڕییەوە، دەچووە لای ئەو بۆ نانخواردن. ژنەکە بە مێردەکەی خۆی گوت: «من زانیومە ئەو پیاوەی کە هەمیشە بەلاماندا تێدەپەڕێت، پیاوێکی پیرۆزی خودایە. با ژوورێکی بچووک لە سەربان دروستبکەین، تێیدا جێیەکی نوستن و مێز و کورسی و چرایەکی بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتە لامان لەوێ بمێنێتەوە.» ڕۆژێک ئەلیشەع هاتە ئەوێ، چووە ژوورەکەی سەرەوە و لەوێ پاڵکەوت. ئینجا بە گێحەزیی خزمەتکاری گوت: «ئەو ژنە شونێمییەم بۆ بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد و ژنەکە لەبەردەم گێحەزی ڕاوەستا. ئەلیشەع بە گێحەزیی گوت: «پێی بڵێ: ”ئەوەتا تۆ ئەو هەموو زەحمەتییەت بۆ ئێمە کێشاوە. چۆن چاکەت بدەمەوە؟ هیچت هەیە هەتا لەبارەیەوە قسە لەگەڵ پاشا یاخود سەرکردەی سوپادا بکرێت؟“» ژنەکەش وەڵامی دایەوە: «من لەنێو کەسوکاری خۆمم و پێویستم بە هیچ نییە.» ئەلیشەعیش پرسی: «ئەی چی بۆ بکرێت؟» گێحەزیش گوتی: «منداڵی نییە و مێردەکەشی پیرە.» ئینجا ئەلیشەع گوتی: «بانگی بکە.» ئەویش بانگی کرد و لە بەردەرگاکە ڕاوەستا. ئەلیشەع پێی گوت: «ساڵی داهاتوو لەم کاتە کوڕێک لە باوەش دەگریت.» ژنەکە گوتی: «نەخێر گەورەم، ئەی پیاوی خودا، درۆ لەگەڵ کەنیزەکەت مەکە!» لەدوای ئەوە ژنەکە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، لە ساڵی داهاتوو لە هەمان ئەو کاتەی کە ئەلیشەع پێی گوتبوو. کوڕەکە گەورە بوو، ڕۆژێک کوڕەکە چووە دەرەوە بۆ لای باوکی، کە لەلای دروێنەکەرەکان بوو. بە باوکی گوت: «ئای سەرم! ئای سەرم!» باوکیشی بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەڵیبگرە و بیبە بۆ لای دایکی.» خزمەتکارەکەش هەڵیگرت و بردییەوە لای دایکی. هەتا نیوەڕۆ لەسەر ئەژنۆی دایکی دانیشت، ئینجا مرد. ئەویش چووە سەرەوە لەسەر جێی نوستنەکەی پیاوەکەی خودا داینا، دەرگاکەی لەسەر داخست و هاتە دەرەوە.
دووەم پاشایان 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دووەم پاشایان 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دووەم پاشایان 1:4-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان