لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پاشایان 24:6-33

دووەم پاشایان 24:6-33 KSS

پاش ماوەیەک، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و جوڵاندی و سامیرەی گەمارۆ دا. لە شارەکە بووە هۆی قاتوقڕییەکی گەورە، گەمارۆکە درێژەی کێشا هەتا وای لێهات سەری کەرێک بە هەشتا شاقل زیو و چارەکە قاپێکی ڕیقنەی کۆتریش بە پێنج شاقل زیو دەفرۆشرا. کاتێک پاشای ئیسرائیل لەسەر شووراکە تێدەپەڕی، ژنێک هاواری لێکرد و گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، یارمەتیم بدە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان یارمەتیت نەدات، من بە چی یارمەتیت بدەم؟ بە جۆخینەکە یان بە مەی گوشەرەکە؟» ئینجا پاشا لێی پرسی: «چیتە؟» ئەویش گوتی: «ئەم ژنە پێی گوتم: ”کوڕەکەت بهێنە با ئەمڕۆ بیخۆین و سبەینێش کوڕەکەی من دەخۆین.“ ئیتر کوڕەکەی خۆممان لێنا و خواردمان. بۆ ڕۆژی دواتر کە پێم گوت: ”کوڕەکەت بهێنە با بیخۆین،“ ئەو کوڕەکەی خۆی شاردەوە.» کاتێک پاشا گوێی لە قسەکانی ئەم ژنە بوو، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی. کە بەسەر شووراکە تێدەپەڕی، خەڵک بینییان وا لە ژێرەوە بەرگی لە گوش دروستکراوی لەبەرە. پاشا گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەمڕۆ سەری ئەلیشەعی کوڕی شافات نەپەڕێنم!» لەو کاتەدا ئەلیشەع لە ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو، ڕیش سپییەکانیش لەلای دانیشتبوون. پاشا نێردراوێکی پێش خۆی ناردە لای، بەڵام بەر لەوەی نێردراوەکە بگاتە لای، ئەلیشەع بە پیرەکانی گوت: «بینیتان چۆن ئەو پیاوکوژە کەسێکی ناردووە هەتا سەرم بپەڕێنێت؟ ببینن، کاتێک پیاوەکە گەیشت، دەرگاکە دابخەن و نەهێڵن دەرگاکە بکاتەوە. من دڵنیام پاشا خۆی لەدوای ئەوەوە دێت.» هێشتا قسەی لەگەڵ دەکردن نێردراوەکە گەیشتە لای، لەدوای ئەویش پاشا گەیشت. پێی گوتن: «ئەو بەڵایە لەلایەن یەزدانەوەیە. ئیتر بۆچی زیاتر چاوەڕێی یەزدان بکەم؟»