لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم ساموئێل 6:13-20

دووەم ساموئێل 6:13-20 KSS

ئینجا ئەمنۆن پاڵکەوت و خۆی نەخۆش خست، پاشا هات بۆ بینینی، ئەمنۆن بە پاشای گوت: «تکایە با تاماری خوشکم بێتە لام و لەبەرچاوم دوو ناسکەنان دروستبکات، بە دەستی ئەو دەیخۆم.» داود بەدوای تاماردا ناردییە ماڵەوە و گوتی: «تکایە بڕۆ ماڵی ئەمنۆنی برات و خواردنێکی بۆ دروستبکە.» تاماریش چووە ماڵی ئەمنۆنی برای، ئەو پاڵکەوتبوو. ئینجا هەویری برد و شێلای و لەبەرچاوی ناسکەنانی کرد و برژاندی. ئینجا تاوەکەی بۆ بەردەمی برد، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بیخوات. ئەمنۆن گوتی: «هەمووتان بڕۆنە دەرەوە.» ئەوانیش هەموویان چوونە دەرەوە. ئینجا ئەمنۆن بە تاماری گوت: «خواردنەکە بهێنە شوێنی نوستنەکەم بۆ ئەوەی بە دەستی تۆ بیخۆم.» تاماریش ناسکەنانەکەی کە دروستی کردبوو هەڵیگرت و بۆ ئەمنۆنی برای بردییە ژوورەوە بۆ شوێنی نوستنەکەی. بۆی بردە پێشەوە تاوەکو بیخوات، ئەویش تاماری گرت و پێی گوت: «خوشکەکەم، وەرە لەگەڵم پاڵبکەوە.» ئەویش پێی گوت: «نا، برام نا! سەرم شۆڕ مەکە! لە ئیسرائیلدا شتی وا ناکرێت! ئەم بێ ئابڕووییە مەکە. من بەم ئابڕووچوونەوە ڕوو لەکوێ بکەم؟ ئەی تۆ؟ تۆش لەناو ئیسرائیلدا وەک نەفامێکی بەدڕەوشتت لێدێت. ئێستاش تکایە لەگەڵ پاشا قسە بکە بۆ ئەوەی بمدا بە تۆ، چونکە ئەو پێی ناخۆش نییە.» بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت و بەسەریدا زاڵ بوو، سەری شۆڕکرد و لاقەی کرد. پاشان ئەمنۆن زۆر ڕقی لێی بووەوە، تەنانەت ڕقەکەی زۆر زیاتر بوو لەو خۆشەویستییەی کە بۆی هەبوو. ئینجا ئەمنۆن پێی گوت: «هەستە و بڕۆ!» ئەویش پێی گوت: «نەخێر! ئەگەر دەرمبکەیت خراپەیەکی گەورەترە لەوەی کە پێت کردم.» بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت. خزمەتکارە تایبەتەکەی بانگکرد و گوتی: «ئەمە دەربکە و دەرگاکە لەدوایەوە دابخە.» خزمەتکارەکەش دەریکرد و دەرگاکەی لەدوایەوە داخست. تاماریش کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو، چونکە کچە پاکیزەکانی پاشا جلی ئاوایان لەبەر دەکرد. تامار خۆڵەمێشی بەسەر سەری خۆیدا کرد، جلە ڕەنگاوڕەنگەکەی لەبەرخۆی دادڕی. دەستی بەسەرییەوە گرت و بە ڕێگادا دەڕۆیشت، بە دەنگی بەرز دەگریا. ئەبشالۆمی برای پێی گوت: «ئەمنۆنی زڕبرات لەگەڵت بوو؟ خوشکم، ئێستاش بێدەنگ بە، ئەو زڕبراتە و ئەم کارە لە دڵ مەگرە.» ئیتر تامار بە پەرێشانی لە ماڵی ئەبشالۆمی برای مایەوە و ژیا.