دووەم ساموئێل 1:15-23
دووەم ساموئێل 1:15-23 KSS
لەدوای ماوەیەک ئەبشالۆم گالیسکە و ئەسپی بۆ خۆی دانا، پەنجا پیاویش لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. هەروەها ئەبشالۆم بەیانییان زوو هەڵدەستا و لە قەراغ ڕێگای دەروازەی شارەکە ڕادەوەستا. هەر خاوەن کێشەیەک دەهاتە لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئەبشالۆم بانگی دەکرد و لێی دەپرسی: «خەڵکی چ شارێکیت؟» ئەویش وەڵامی دەدایەوە: «خزمەتکارەکەت خەڵکی یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیلە.» ئەبشالۆمیش پێی دەگوت: «تەماشا بکە، داواکەی تۆ دروستە و ڕاستە، بەڵام کەس نییە لەلایەن پاشاوە گوێت لێ بگرێت.» هەروەها ئەبشالۆم دەیگوت: «ئەگەر لەم ناوچەیە من بکەنە دادوەر، ئەوا هەرکەسێک سکاڵا یان داوای هەبێت، دادوەریی بۆ دابین دەکەم.» هەرکەسێک دەهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببات، ئەبشالۆم دەستی بۆ درێژ دەکرد، دەیگرت و ماچی دەکرد. ئەو ئەم کارەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دەکرد، ئەوانەی بۆ دادوەری دەهاتنە لای پاشا. بەم شێوەیە ئەبشالۆم دڵی گەلی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاکێشا. پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ ئەبشالۆم بە پاشای گوت: «تکایە ڕێگام بدە بچمە حەبرۆن بۆ ئەوەی نەزرەکەم بەجێبهێنم کە بۆ یەزدان نەزرم کردبوو. خزمەتکارەکەت لە کاتی نیشتەجێبوونی لە گەشووری خاکی ئارام، نەزری کردووە، گوتم: ”ئەگەر یەزدان بە تەواوی بمگەڕێنێتەوە ئۆرشەلیم ئەوا لە حەبرۆن یەزدان دەپەرستم.“» پاشاش گوتی: «بە سەلامەتی بڕۆ.» ئەویش هەستا و چوو بۆ حەبرۆن. ئینجا ئەبشالۆم سیخوڕی بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کردەوە و گوتی: «ئەگەر گوێتان لە دەنگی کەڕەنا بوو، بڵێن: ”ئەبشالۆم لە حەبرۆن بووە بە پاشا.“» دوو سەد پیاویش لە ئۆرشەلیمەوە لەگەڵ ئەبشالۆم بەڕێکەوتن کە بانگهێشت کرابوون، بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانن بە ساویلکەییەوە ڕۆیشتن. کاتێک ئەبشالۆم قوربانییەکانی پێشکەش دەکرد، ناردی بەدوای ئەحیتۆفەلی گیلۆنیی ڕاوێژکاری داود بۆ ئەوەی لە گیلۆی شارۆچکەکەی خۆیەوە بێتە ئەوێ. جا پیلانەکە بەهێزتر بوو، هەتا دەهات خەڵکەکە زیاتر شوێنی ئەبشالۆم دەکەوتن. هەواڵدەرێک هاتە لای داود و گوتی: «هەموو پیاوانی ئیسرائیل دڵیان لەگەڵ ئەبشالۆمە.» داودیش بە هەموو ئەو کاربەدەستانەی گوت کە لە ئۆرشەلیم لەگەڵی بوون: «هەستن! با هەڵبێین، ئەگینا لە دەست ئەبشالۆم دەربازمان نابێت. پەلە بکەن لە ڕۆیشتن، نەوەک دەستپێشخەری بکات، پێمان بگات و خراپەمان بەسەردا بهێنێت، بە زەبری شمشێریش لە شارەکە بدات.» کاربەدەستانی پاشاش بە پاشایان گوت: «ئێمە ئامادەین بۆ هەر بڕیارێکی پاشای گەورەمان.» پاشا و هەموو ماڵەکەی بەدوایەوە هاتنە دەرەوە، پاشا دە ژنە کەنیزەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێهێشت. ئیتر پاشا ڕۆیشت و هەموو گەلیش لەدوای ئەو چوون، لەلای دوایین ماڵی قەراغی شار خۆیان ڕێکخستەوە. جا هەموو پیاوەکانی لەگەڵ کریتی و پەلەتییەکان و هەموو گەتییەکانیش کە شەش سەد پیاو بوون و لە گەتەوە بەدوایەوە هاتبوون لەپێشیەوە پەڕینەوە، لەپێش پاشا دەپەڕینەوە. پاشا بە ئیتتای گەتی گوت: «بۆچی تۆش لەگەڵمان دەڕۆیت؟ بگەڕێوە و لەگەڵ ئەبشالۆمی پاشادا بمێنەرەوە، چونکە تۆ بیانیت و لە نیشتیمانەکەت دوور کەوتوویتەوە. تۆ دوێنێ هاتوویت، ئایا من ئەمڕۆ بە ڕۆیشتنت لەگەڵماندا ئاوارەت بکەم، چونکە من خۆم نازانم بەرەو کۆی دەچم؟ بگەڕێوە و هاونیشتیمانییەکانیشت بگەڕێنەوە. با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیت پیشان بدات.» بەڵام ئیتتای وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، بە گیانی پاشای گەورەم، پاشای گەورەم لە هەرکوێ بێت، بۆ مردن بێت یان بۆ ژیان، خزمەتکارەکەشت لەوێ دەبێت.» داود بە ئیتتایی گوت: «بڕۆ و بپەڕەوە.» ئینجا ئیتتای گەتی و هەموو پیاوەکانی و هەموو ئەو منداڵانەی کە لەگەڵی بوون پەڕینەوە. هەموو دانیشتووانی خاکەکە بە دەنگێکی بەرز دەگریان، هەموو گەل دەپەڕینەوە، پاشاش لە دۆڵی قدرۆن پەڕییەوە و هەموو گەلیش بەرەو ڕێگای چۆڵەوانی چوون.





