ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئاییندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئایا بە گشتی لەگەڵ مرۆڤ بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەیت؟ «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت. تۆ لە پێناوی بەڵێنەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەیەت کردووە بۆ ئەوەی لەلای بەندەکەت بزانرێت. «ئەی یەزدانی باڵادەست، لەبەر ئەمە، چەند مەزنیت! کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە. هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان و خوداوەندەکانیان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە. ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت جێگیر کردووە کە بۆ هەتاهەتایە ببنە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان. «ئەی یەزدانی پەروەردگار، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، بۆ هەتاهەتایە بیهێنە دی. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە. با ناوت هەتاهەتایە مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالار خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت. «ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد و فەرمووت: ”ماڵێکت بۆ بنیاد دەنێم.“ لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی ئەم نزایەت بۆ بکات. ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خودایت و بەڵێنەکانت متمانەپێکراون، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە. ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدانی باڵادەست چونکە تۆ فەرمووت، ئینجا با لە بەرەکەتی تۆوە بۆ هەتاهەتایە بنەماڵەی بەندەکەت بەرەکەتدار بێت.»
دووەم ساموئێل 7 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دووەم ساموئێل 7
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دووەم ساموئێل 18:7-29
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان