لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:22-21

کردار 1:22-21 KSS

«برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون. ئەویش گوتی: «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی گەمالائیل بە باشی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، هەروەک سەرۆکی کاهینان و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم لەوان وەرگرت بۆ برایانی دیمەشق، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن. «ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“ «وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“ «پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد. «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“» «مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەو شتانەت پێ دەگوترێت کە دەبێت بیکەیت.“ جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق. «پیاوێک بە ناوی حەنانیا هات بۆ لام. ئەو کەسێکی لەخواترس و گوێڕایەڵی تەورات بوو، هەروەها هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. لەتەنیشتم وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی. «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“ «کاتێک گەڕابوومەوە بۆ ئۆرشەلیم و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“ «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“ «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ شوێنی دوور دەتنێرم، بۆ لای ناجولەکەکان.“»

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ کردار 22:1-21 شێوەکاری؟؟؟