لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت. کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین، چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە. ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان، کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان، ئەم ئینجیلە بەرهەمدارە و لەنێوانتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان. وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا. لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەوەی بیستمان، بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین، داوا لە خودا دەکەین کە لە ڕێگای هەموو دانایی و تێگەیشتنێکی ڕۆحییەوە پڕ بن لە زانینی خواستی ئەو، بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندیی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن. با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەشی بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا. خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا کڕدراینەوە، واتا لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.
کۆلۆسی 1 بخوێنەوە
گوێگرتن لە کۆلۆسی 1
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: کۆلۆسی 1:1-14
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان