لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 1:2-11

دانیال 1:2-11 KSS

نەبوخودنەسر پاشا لە ساڵی دووەمی پاشایەتییەکەی چەند خەونێکی بینی کە بووە هۆی بێزاربوونی و خەوی لێ زڕا. جا پاشا فەرمانی دا جادووگەر و ئەفسونگەر و بەخت خوێنەوەرەوە و ئەستێرەناسەکان بانگ بکەن، بۆ ئەوەی پێی بڵێن کە چ خەونێکی بینیوە. کاتێک هاتن و لەبەردەم پاشادا وەستان، پاشا پێی گوتن: «خەونێکم بینیوە هەراسانی کردووم و دەمەوێ بزانم لێکدانەوەکەی چییە.» ئەستێرەناسەکان بە زمانی ئارامی بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە بژیت! خەونەکە بە بەندەکانت بڵێ هەتا بۆت لێکبدەینەوە.» پاشا وەڵامی ئەستێرەناسەکانی دایەوە: «ئەوە بڕیاری کۆتایی منە: ئەگەر خەونەکە و لێکدانەوەکەیم پێ نەڵێن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانتان دەبێتە کەلاوە. بەڵام ئەگەر خەونەکەتان پێ گوتم و لێکتاندایەوە، لە منەوە دیاری و پاداشت و ڕێزێکی گەورەتان دەست دەکەوێت. کەواتە خەونەکەم پێ بڵێن و بۆم لێکبدەنەوە.» دووبارە وەڵامیان دایەوە: «با پاشا خەونەکە بە بەندەکانی بڵێت هەتا بۆت لێکبدەینەوە.» ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە: «من لەوە دڵنیام ئێوە دەتانەوێت کات بەدەستبهێنن، چونکە دەزانن ئەوە بڕیاری کۆتایی منە: ئەگەر خەونەکەم پێ نەڵێن، یەک سزاتان هەیە. ئێوە لەسەر درۆ و قسەی پووچ ڕێککەوتوون هەتا لەبەردەمم بیڵێن، هەتا بارودۆخەکە دەگۆڕێت. لەبەر ئەوە خەونەکەم پێ بڵێن، ئینجا من ئەوە دەزانم کە ئێوە دەتوانن خەونەکەم بۆ لێکبدەنەوە.» ئەستێرەناسەکانیش وەڵامی پاشایان دایەوە: «هیچ کەسێک لەسەر زەوی نییە ئەم داوایەی پاشا جێبەجێ بکات! هەرگیز هیچ پاشایەکی گەورەی خاوەن دەسەڵات شتێکی وای لە جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس داوا نەکردووە. ئەوەی کە پاشا داوای دەکات زۆر قورسە. هیچ کەس ناتوانێت بۆ پاشا ئاشکرای بکات، جگە لە خوداوەندەکان، ئەوانیش نشینگەیان لەگەڵ مرۆڤدا نییە.»