لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دانیال 13:6-23

دانیال 13:6-23 KSS

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و لەبەردەم پاشا گوتیان: «ئەو دانیالەی لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایە، ئەی پاشا، هیچ گوێی نە بە تۆ و نە بەو فەرمانەی کە ئیمزات کردووە نەداوە، بەڵکو ڕۆژانە سێ جار نوێژ دەکات.» کە پاشا گوێی لەم قسەیە بوو زۆر دڵتەنگ بوو، مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی دانیال دەرباز بکات و هەتا خۆر ئاوابوون هەوڵی دا ڕزگاری بکات. بەڵام ئەو پیاوانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، لە یادت نەچێت کە یاساکانی ماد و فارس ئەوەیە کە هەر فەرمان و بڕیارێک پاشا دەریبکات، ناگۆڕدرێت.» ئینجا پاشا فەرمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایە ناو چاڵی شێرەکان. پاشا بە دانیالی گوت: «با خوداکەت کە تۆ بە بەردەوامی خزمەتی دەکەیت، ئەو ڕزگارت بکات.» بەردێک هێنرا و لەسەر دەمی چاڵەکە دانرا، پاشا بە مۆری خۆی و مۆری گەورە پیاوانی مۆری کرد، بۆ ئەوەی کەس هەوڵ نەدات دانیال ڕزگار بکات. ئیتر پاشا گەڕایەوە کۆشکەکەی و بەبێ خواردن و ڕابواردن شەوی بەسەربرد و خەوی لێ زڕا. بەیانی زوو پاشا هەستا و بە پەلە چووە لای چاڵی شێرەکان. کاتێک لە چاڵەکە نزیک بووەوە، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بانگی دانیالی کرد و گوتی: «ئەی دانیال، بەندەی خودای زیندوو! ئایا ئەو خودایەی بەردەوام دەیپەرستیت توانی لە شێرەکان ڕزگارت بکات؟» دانیالیش وەڵامی دایەوە: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی! خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست، هیچ زیانیان پێ نەگەیاندم، چونکە لەبەردەم ئەو بێتاوان بووم. ئەی پاشا، لەبەردەم تۆشدا هیچ تاوانێکم نەکردووە.» پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست.