دانیال 23:6-28
دانیال 23:6-28 KSS
پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست. ئینجا پاشا فەرمانی دا، ئەو پیاوانەیان هێنا کە سکاڵایان لە دانیال کرد و فڕێیان دانە ناو چاڵی شێرەکان، خۆیان و ژن و منداڵەکانیان. هێشتا نەگەیشتبوونە بن چاڵەکە، شێرەکان پەلاماریان دان و هەموو ئێسکەکانیان تێکشکاندن. دوای ئەوە داریوشی پاشا ئەمەی بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان نووسی کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن: هەر سەرکەوتوو بن! لە منەوە فەرمان دەرچووە بەوەی کە لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مندا، دەبێت خەڵک لە خودای دانیال بترسن و ڕێزی لێ بگرن. لەبەر ئەوەی ئەو خودای زیندووە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت و دەسەڵاتی بێ کۆتاییە. ئەو ڕزگار دەکات و دەرباز دەکات، نیشانە و کاری سەرسوڕهێنەر دەکات لە ئاسمان و لەسەر زەوی. ئەو دانیالی لە چنگی شێرەکان ڕزگار کرد. ئیتر دانیال لە پاشایەتی داریوش و لە پاشایەتی کۆرشی فارسی سەرکەوتوو بوو.





