لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 1:1-18

دواوتار 1:1-18 KSS

ئەمە ئەو وتانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەشتودەر لە عەراڤا، بەرامبەر بە سوف لەنێوان پاران و تۆفەل و لاڤان و حەچێرۆت و دی زاهاڤ. (لە حۆرێڤەوە لەسەر ڕێگای کێوی سێعیر بۆ قادێش بەرنێعە گەشتێکی یازدە ڕۆژەیە.) لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی چلەمین، موسا وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا. ئەمە دوای ئەوە بوو کە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانی بەزاند کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، عۆگی پاشای باشانی شکاند کە لە عەشتارۆت فەرمانڕەوا بوو لە ئەدرەعی. موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە خاکی مۆئابدا دەستی بە ڕوونکردنەوەی ئەم فێرکردنە کرد و گوتی: یەزدانی پەروەردگارمان لە حۆرێڤ پێی فەرمووین: «ئیتر بەسە! ماوەیەکی زۆرە لەم کێوە دانیشتوون، ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن و بڕۆن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەمۆرییەکان و دەرودراوسێکانی لە عەراڤا و چیا و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و کەناری دەریای خاکی کەنعان و لوبنان هەتا ڕووباری گەورە، واتا ڕووباری فورات. بڕوانن ئەوا خاکەکەم لەپێش داناون، بڕۆنە ناوی و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بەوان و نەوەکانی دواتریان بدات.» لەو کاتەدا لەگەڵتاندا دوام و گوتم، «ناتوانم بە تەنها بارتان هەڵبگرم، یەزدانی پەروەردگارتان زۆری کردوون و ئەوەتا ئەمڕۆ ئێوە وەک ئەستێرەی ئاسمانن لە زۆریدا. با یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان هەزار قات زیاترتان بکات و بەرەکەتدارتان بکات، هەروەک بەڵێنی پێدان، بەڵام چۆن بە تەنها قورسایی و بارگرانی و ناکۆکییەکانتان هەڵبگرم؟ لە هۆزەکانتان پیاوی دانا و تێگەیشتوو و ڕێزدار هەڵبژێرن و لەسەرتان دایاندەنێم.» ئێوەش وەڵامتان دامەوە و گوتتان، «ئەوەی گوتت باشە، با بیکەین.» جا پیاوە گەورەکانی هۆزەکانی ئێوەم برد، پیاوانی دانا و ڕێزدار، ئەوانم کرد بە سەرۆک بەسەرتانەوە، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان و کوێخاکان بۆ هۆزەکانتان. لەو کاتەشدا فەرمانم بە دادوەرەکانتان کرد و گوتم: «گوێ لە داوا و سکاڵای گەلەکەتان بگرن و بە ڕاستودروستی دادوەرییان بکەن، جا چ داواکە لەنێوان دوو ئیسرائیلیدا بێت یان لەنێوان ئیسرائیلییەک و نامۆیەکدا بێت. لە دادوەریدا لایەنگری مەکەن، وەک یەک گوێ لە گەورە و بچووک بگرن، لە کەس مەترسن، دادوەریکردن هی خودایە و ئەو داوایانەی بۆتان زەحمەت بێت، ئەوا بۆ منی دەهێنن هەتا گوێم لێی بێت.» لەو کاتەشدا فەرمانم پێکردن سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی کە دەیکەن.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە دواوتار 1:1-18