لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 1:2-25

دواوتار 1:2-25 KSS

ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و کۆچمان کرد بۆ دەشتودەر لەسەر ڕێگای دەریای سوور، هەروەک یەزدان پێی گوتم، ڕۆژانێکی زۆر بە دەوری ناوچە شاخاوییەکانی سێعیردا سووڕاینەوە. ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بەسە ئیتر بەدەوری ئەم ناوچە شاخاوییانە مەسووڕێنەوە، بەرەو باکوور ڕووتان وەربگێڕن و فەرمان بە گەل بدە و بڵێ: ”ئێوە خەریکن بە سنووری نەوەی عیسۆی برایانتان تێدەپەڕن کە لە سێعیر نیشتەجێن و لێتان دەترسن، بەڵام زۆر ئاگاداربن، هێرشیان مەکەنە سەر، چونکە شوێن پێیەکتان لە خاکی ئەوان نادەمێ، چونکە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم بە میرات بە عیسۆ داوە. خۆراکیان بە زیو لێ دەکڕن هەتا بیخۆن و ئاویان بە زیو لێ وەردەگرن هەتا بیخۆنەوە.“» یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون لە هەموو کارێکی دەستەکانتان، ڕێ و شوێنتان دەزانێت لەم چۆڵەوانییە مەزنە، ئەم چل ساڵە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتاندا بووە و لە هیچ شتێکتان کەم نەبووە. ئینجا بەسەر نەوەی عیسۆی برایانمان تێپەڕین کە لە چیای سێعیر نیشتەجێن. ڕێگای عەراڤامان بەجێهێشت کە لە ئێلەت و عەچیۆن گەڤەرەوە دێت، ئینجا سووڕاینەوە و بە ڕێگای چۆڵەوانی مۆئابدا ڕۆیشتین. یەزدان پێی فەرمووم: «مۆئاب هەراسان مەکە و جەنگ لە دژیان بەرپا مەکە، چونکە هیچ بەشێک لە خاکەکەیان بە میرات بە تۆ نادەم، چونکە عارم بە میرات بە نەوەی لوت داوە.» (پێشتر ئێمییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، گەلێکی بەهێز و زۆر بوون، وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون. وەک عەناقییەکان، ئەوانیش بە ڕفائییەکان ناسراو بوون، بەڵام مۆئابییەکان هەر بە ئێمییەکان بانگیان دەکردن. پێشتر حۆرییەکان لە سێعیر نیشتەجێ بوون، بەڵام نەوەی عیسۆ لەبەردەم خۆیان دەریانپەڕاندن و لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون، وەک ئەوەی ئیسرائیل کردیان بە خاکی میراتیان کە یەزدان پێیدابوون.) یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئێستا هەستن و لە دۆڵی زەرەد بپەڕنەوە،» ئێمەش لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە. لەو کاتەوە کە قادێش بەرنێعمان بەجێهێشت هەتا لە دۆڵی زەرەد پەڕینەوە سی و هەشت ساڵ بوو، هەتا هیچ لەو نەوەیە لە پیاوانی جەنگ لەناو ئۆردوگاکە نەمان، هەروەک یەزدان سوێندی بۆ خواردن، یەزدانیش لە دژیان بوو، بۆ لەناوبردنیان لەناو ئۆردوگاکە هەتا لەناوچوون. جا کاتێک هەموو پیاوانی جەنگ لەنێو گەل بە مردن لەناوچوون، یەزدان پێی فەرمووم: «تۆ ئەمڕۆ تێدەپەڕیت لە عار کە لە سنووری مۆئابە، کاتێک لەلای عەمۆنییەکان نزیک کەوتیتەوە هەراسانیان مەکە و هێرشیان مەکە سەر، چونکە هیچت لە خاکی عەمۆنییەکان بە میرات نادەمێ، چونکە بە میرات بە نەوەی لوتم داوە.» (ئەویش بە خاکی ڕفائییەکان دادەنرێت، پێشتر ڕفائییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، بەڵام عەمۆنییەکان بە زەمزومییەکان ناویان دەبردن، گەلێکی بەهێز و زۆر بوون و وەک عەناقییەکان باڵا بەرز بوون، بەڵام یەزدان لەبەردەم عەمۆنییەکاندا لەناوی بردن، جا دەریانکردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون. یەزدان وەک ئەوەی بۆ نەوەی عیسۆی کرد کە لە سێعیردا نیشتەجێن، کاتێک حۆرییەکانی لە بەرامبەریان تێکشکاند، جا دەریانکردن و هەتا ئەمڕۆ لە شوێنیان نیشتەجێن. هەروەها عەڤییەکان کە لە گوندەکان نیشتەجێ بوون هەتا غەزە، کەفتۆرییەکان کە لە کەفتۆرەوە هاتبوون لەناویانبردن و لە شوێنیان نیشتەجێ بوون.) «هەستن، کۆچ بکەن و لە دەربەندی ئەرنۆن بپەڕنەوە. بڕوانە، ئەوا سیحۆنی پاشای حەشبۆنی ئەمۆری و خاکەکەیم بە دەستتانەوە داوە، دەستی بەسەردا بگرن و لە دژی ئەو جەنگ بەرپا بکەن. ئەمڕۆ دەستپێدەکەم، ترس و سامتان دەخەمە بەرچاوی ئەو گەلانەی لەژێر هەموو ئاسمانن، ئەوانە گوێیان لە هەواڵتان دەبێت لێتان دەترسن و لەبەر ئێوە دەلەرزن.»