لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 23:5-33

دواوتار 23:5-33 KSS

کاتێک گوێتان لە دەنگەکە بوو لەناو تاریکییەوە و کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، هەموو سەرۆک هۆزەکانتان و پیرەکانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنە پێش و گوتتان، «ئەوەتا یەزدانی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنی خۆی پیشان داین و گوێمان لە دەنگی بوو لەناو ئاگرەوە، ئەمڕۆ بینیمان خودا لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و مرۆڤەکەش دەژیێت، بەڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ ئەو ئاگرە مەزنە دەمانخوات. ئەگەر لەوە زیاتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان بوو ئەوا دەمرین، چونکە کێ وەک ئێمە لە هەموو ئادەمیزاد گوێی لە دەنگی خودای زیندوو بووە لەناو ئاگرەوە بدوێت و ژیابێت؟ تۆ بڕۆ پێشەوە و گوێ لە هەموو ئەوە بگرە کە یەزدانی پەروەردگارمان دەیڵێت و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان پێت دەڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ دەگرین و کاری پێدەکەین.» یەزدانیش گوێی لە قسەکانتان بوو کاتێک قسەتان لەگەڵ کردم و یەزدان پێی فەرمووم، «گوێم لە دەنگی قسەی ئەم گەلە بوو کە لەگەڵتدا دوان. لە هەموو ئەوەی گوتیان باش بوو، خۆزگە هەمیشە دڵیان ئاوا دەبوو هەتا لێم بترسن و هەموو فەرمانەکانم بپارێزن، تاکو بۆ هەتاهەتایە چاکە بێتە سەر ڕێگای خۆیان و کوڕەکانیان. «بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگەڕێنەوە چادرەکانی خۆتان،“ بەڵام تۆ لێرە لەگەڵم بوەستە، باسی هەموو فەرمان و فەرز و یاساکانت بۆ دەکەم کە فێریان دەکەیت و ئەوان لەو خاکەدا پەیڕەوی دەکەن کە من پێیان دەدەم هەتا دەستی بەسەردا بگرن.» ئیتر ئاگاداربن بۆ ئەوەی هەموو ئەوە بکەن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بەلای ڕاست و چەپدا لامەدەن، هەموو ئەو ڕێگایەی یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن دەیگرنەبەر، هەتا بژین و چاکە بێتە ڕێگاتان و درێژە بە ڕۆژانتان بدەن لەو خاکەی دەستی بەسەردا دەگرن.