لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 12:7-26

دواوتار 12:7-26 KSS

ئەگەر ئێوە گوێ لەو یاسایانە بگرن و بیپارێزن و جێبەجێ بکەن، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان پەیمانی خۆشەویستییەکەی بۆ ئێوە دەباتەسەر، وەک چۆن سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد. ئێوەی خۆشدەوێت، بەرەکەتدارتان دەکات و زۆرتان دەکات و بەروبوومی سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان، بەروبوومی گوێرەکەی گاگەلەکەتان و مەڕ و بزنەکانتان بەرەکەتدار دەکات لەسەر ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد کە بە ئێوەی دەدات. ئێوە بەرەکەتدار دەبن لە سەرووی هەموو گەلان، وەجاخکوێر و نەزۆک نە لە ئێوە و نە لەناو ئاژەڵە ماڵییەکانتاندا نابێت، یەزدان هەموو نەخۆشییەکتان لێ دوور دەخاتەوە و هەموو دەردە خراپەکانی میسر کە ئێوە زانیتان نایخاتە سەرتان، بەڵکو دەیخاتە سەر هەموو ناحەزانتان، هەموو ئەو گەلانەش لەناودەبەن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەستتان، بەزەییتان پێیان نایەتەوە و خوداوەندەکەیان ناپەرستن، چونکە ئەوە تەڵەیە بۆ ئێوە. ئەگەر لە دڵی خۆتاندا گوتتان، «ئەو گەلانە لە ئێمە بەهێزترن، چۆن دەتوانین دەریانبکەین؟» لێیان مەترسن، ئەوەتان بەبیر بێتەوە یەزدانی پەروەردگارتان چی بە فیرعەون و بە هەموو میسرییەکان کرد، ئەو ئەزموونە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و ئەو نیشانە و پەرجووانە، هەروەها ئەو دەستە پۆڵایین و بازووە بەهێزەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی پێ دەرهێنا. یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا لە هەموو ئەو گەلانە دەکات کە ئێوە لێیان دەترسن. هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان زەردەواڵە دەنێرێتە سەر ئەو گەلانە تاوەکو تەنانەت ئەو بەجێماوانەش لەناو ببات کە خۆیان لە ئێوە شاردووەتەوە. لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتانە و خودایەکی مەزن و سامناکە. یەزدانی پەروەردگارتان کەمە کەمە ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات، ناتوانن دەستبەجێ لەناویان ببەن نەوەک دڕندەی کێویتان بەسەرەوە زۆر بێت. بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەست و سەرلێشێوانێکی مەزنیان دەکەوێتە ناو، هەتا لەناودەچن. پاشاکانیشیان دەخاتە ناو دەستتان، جا لەژێر ئاسمان ناویان دەسڕنەوە، کەس نابێت بتوانێت لە دژتان بوەستێت هەتا لەناویان دەبەن. وێنەی خوداوەندەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، چاو مەبڕنە ئەو زێڕ و زیوەی کە لەسەریانە هەتا بۆ خۆتانی ببەن، نەوەک پێی بکەونە داوەوە، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە. هیچ قێزەونێکیش مەهێننە ناو ماڵەکانتانەوە نەوەک ئێوەش وەک ئەو بۆ قڕکردن تەرخان بکرێن، بەڵکو وەکو شتێکی قێزەون تەماشای بکەن و ڕقتان لێ ببێتەوە، چونکە بۆ قڕکردن تەرخان کراوە.