لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 9:9-21

دواوتار 9:9-21 KSS

کاتێک بۆ کێوەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەی دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمان کە یەزدان لەگەڵتانی بەست وەربگرم، چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە. یەزدانیش دوو تەختە بەردەکەی پێدام کە بە پەنجەی خودا نووسرا بوون و هەموو ئەو ڕاسپاردانەی لەسەر بوو کە یەزدان لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە لەگەڵتاندا پێی دوا. لە کۆتایی چل شەو و چل ڕۆژەکە، یەزدان دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمانی دامێ. پاشان یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە بە خێرایی لێرە بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت ئەوەی تۆ لە میسرەوە دەرتهێنان گەندەڵ بوون، بە زوویی لەو ڕێگایە لایاندا کە فەرمانم پێکردن، بتێکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکرد.» هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم گەلەم بینی، بە ڕاستی گەلێکی کەللەڕەقن، لێمگەڕێ لەناویان دەبەم و ناویان لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە و دەتکەمە گەلێکی بەهێزتر و زۆرتر لەوان.» منیش ڕووم وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە، کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، دوو تەختەکەی پەیمانیشم بەدەستەوە بوو. جا ڕوانیم ئێوە سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان گوناهتان کردبوو، بتێکی داڕێژراوتان لە شێوەی گوێرەکەیەک بۆ خۆتان دروستکردبوو، بە زوویی لەو ڕێگایە لاتان دابوو کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون. منیش دوو تەختەکەم گرت و لە دەستم فڕێمدان و لەبەرچاوتان شکاندم. پاشان وەک یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لەبەردەم یەزدان کەوتم و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە لەبەر هەموو ئەو گوناهانەی ئەنجامتان داوە، بەوەی لەبەردەم یەزدان خراپەتان کرد و پەستتان کرد. لەو تووڕەیی و جۆشانە ترسام کە یەزدان لێتان پەست ببوو بە ڕادەیەک کە ئامادە بوو لەناوتان ببات، بەڵام یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم. یەزدان لە هارونیش زۆر تووڕە بوو هەتا لەناوی ببات، جا لەو کاتەدا لە پێناوی هارونیش نزام کرد. هەروەها گوناهەکەتان، واتا ئەو گوێرەکەیەی کە دروستتان کردبوو، من بردم و سووتاندم و کوتام و باش هاڕیم هەتا وەک تۆز نەرم بوو، ئینجا تۆزەکەیم هەڵدایە ناو ئەو جۆگەیەی لە کێوەکەوە دێتە خوارەوە.