لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 5:14-13

دەرچوون 5:14-13 KSS

کاتێک بە پاشای میسر ڕاگەیەنرا کە گەلەکە لە دەستی هەڵاتن، دڵی فیرعەون و خزمەتکارانی سەبارەت بە گەلی ئیسرائیل گۆڕا و گوتیان، «ئەمە چی بوو کردمان، کە وا ڕێمان دا بە نەوەی ئیسرائیل لە خزمەتکردنمان بڕۆن؟» ئیتر گالیسکەکەی پێ ئامادەکردن و سوپایەکەشی لەگەڵ خۆی برد، شەش سەد گالیسکەی هەڵبژێردراو و هەموو گالیسکەکانی میسر و هەموو ئەفسەرە سواربووەکانیانی برد. یەزدان دڵی فیرعەونی پاشای میسری ڕەقکرد، ئیتر بەدوای نەوەی ئیسرائیل کەوت، نەوەی ئیسرائیلیش ئازایانە بەرەو پێش دەچوون. میسرییەکان دوایان کەوتن. هەموو ئەسپ و گالیسکەکانی فیرعەون و سوارەکانی و سوپاکەی دوایان کەوتن و پێیان گەیشتن، کاتێک لەلای دەریا چادریان هەڵدابوو، لەلای پی‌هەحیرۆت بەرامبەر بەعل‌چیفۆن. کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، ئیتر زۆر ترسان و هاواریان بۆ یەزدان کرد. بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی بۆ ئەوەی بمرین؟ ئەمە چی بوو پێت کردین کە ئێمەت لە میسر هێنایە دەرەوە؟ ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟» موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە ئەو میسریانەی کە ئەمڕۆ دەیانبینن، ئیتر بۆ هەتاهەتایە نایانبیننەوە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان