لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دەرچوون 13:18-27

دەرچوون 13:18-27 KSS

ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان. کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟» موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «لەبەر ئەوەی گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن. هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.» خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە. خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت. ئێستاش گوێم لێ بگرە و ئامۆژگاریت دەکەم، با خودات لەگەڵ بێت، تۆ نوێنەری گەل بە لە بەرامبەر خودا و داواکارییەکانیان پێشکەش بە خودا بکە. فێری فەرز و فێرکردنیان بکە و ئەو ڕێگایەیان پێ بناسێنە کە دەبێت بیگرنەبەر و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت بیانکەن. بەڵام لەناو هەموو گەلدا پیاوی بە توانا و لەخواترس هەڵدەبژێریت، پیاوانی دڵسۆز کە ڕقیان لە دەستکەوتی ناڕەوایە، دەیانکەیتە کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. هەموو کاتێک دادوەری بۆ گەل دەکەن و هەر داوایەکی گەورە هەبێت دەیهێننە لای تۆ، هەر داوایەکیش بچووک بێت خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەوە بارت سووک دەکات، چونکە ئەوان لەگەڵت هەڵدەگرن. ئەگەر ئەم کارەت کرد و خوداش فەرمانی پێ کردیت، ئەوا دەتوانیت خۆت ڕابگریت و هەروەها هەموو ئەم گەلەش بە ڕەزامەندی دەگەنە شوێنی خۆیان.» موساش گوێی لە قسەکانی خەزووری گرت و هەموو ئەو شتانەشی کرد کە گوتی. موسا پیاوی بە توانای لە هەموو ئیسرائیل هەڵبژارد و کردنی بە ڕابەر بۆ گەل، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. ئیتر هەموو کاتێک دادوەریان بۆ گەل دەکرد و داوای گرانیشیان دەهێنایە لای موسا. بەڵام هەموو داوایەکی بچووک خۆیان دادوەریان تێدا دەکرد. ئینجا موسا خەزووری بەڕێکرد و یەترۆش گەڕایەوە خاکی خۆی.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان