یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت. بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە. کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.» ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت. یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە. ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە. خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.» موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»
دەرچوون 34 بخوێنەوە
گوێگرتن لە دەرچوون 34
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: دەرچوون 1:34-9
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان