فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن: «”باوکان بەرسیلەیان خوارد، ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟ «یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن، چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. «گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و دادوەری و ڕاستودروستی بکات: لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛ ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛ ستەم لە کەس نەکات، بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛ ماڵی کەس زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت؛ پارە بە سوو نەدات و نرخی شتومەک گران نەکات؛ دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات. فەرزەکانم پەیڕەو بکات و بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت. ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە، بێگومان دەژیێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. «گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی کە باوکی نەیکردووە: «لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات، ستەم لە هەژار و نەدار بکات، شتی خەڵکی زەوت بکات، قەرز نەداتەوە، چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت، کاری قێزەون ئەنجام بدات، پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات. ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت. «بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد: «لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات، چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات، ستەم لە کەس نەکات، داوای بارمتە نەکات و هیچ شتێک زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت، دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە، سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات، بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات. ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت. بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت.
حزقیێل 18 بخوێنەوە
گوێگرتن لە حزقیێل 18
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: حزقیێل 1:18-18
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان