ئەوە بوو لە دەی مانگی پێنجی ساڵی حەوتەم، کەسانێک لە پیرانی ئیسرائیل هاتن بۆ پرسیارکردن لە یەزدان، جا لەبەردەممدا دانیشتن. ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوە هاتوون هەتا پرسیار لە من بکەن؟ بە گیانی خۆم! ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“ «ئایا حوکمیان دەدەیت؟ ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا تۆ حوکم دەدەیت؟ ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی باوباپیرانی خۆیان بکەرەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی ئیسرائیلم هەڵبژارد سوێندم بۆ بنەماڵەی یاقوب خوارد، لە خاکی میسردا خۆمم پێیان ناساند، سوێندم بۆ خواردن و فەرمووم: ’من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘ لەو ڕۆژەدا سوێندم بۆ خواردن کە لە خاکی میسر دەریاندەهێنم و دەیانبەم بەرەو خاکێک کە خۆم بەدوایدا گەڕابووم بۆیان، شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، باشترینی هەموو خاکەکانە. پێم فەرموون: ’هەریەکە لە ئێوە با ئەو وێنە قێزەونانەی کە سەرنجی ڕاکێشاون و خۆشتان دەوێن، لە خۆتان دووربخەنەوە و بە بتەکانی میسر خۆتان گڵاو مەکەن. من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘ «”بەڵام لێم یاخی بوون و نەیانویست گوێم لێ بگرن، کەسیان وێنە گڵاوەکانی بەرچاوی فڕێنەدا کە سەرنجی ڕاکێشابوون، وازیان لە بتەکانی میسر نەهێنا. لەبەر ئەوە بیرم لەوە دەکردەوە، تووڕەیی خۆمیان بەسەردا ببارێنم و لە ناوەڕاستی خاکی میسردا هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم.“ بەڵام ئەوەی من کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا ناوم گڵاو نەبێت لەبەرچاوی ئەو نەتەوانەی لەنێویاندان، ئەوانەی لەبەرچاویان خۆمم بۆ دەرخستن بەوەی لە خاکی میسر دەرمهێنان. جا لە خاکی میسر دەرمهێنان و ئەوانم هێنایە چۆڵەوانی. فەرزەکانی خۆمم پێدان و حوکمەکانی خۆمم پێ ناساندن، ئەوانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت. هەروەها ڕۆژی شەممەم بۆ دیاری کردن، هەتا ببێتە نیشانەیەک لەنێوان من و ئەوان، بۆ ئەوەی بزانن کە من یەزدانم، ئەوەی پیرۆزیان دەکات. «”لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی لێم یاخی بوون. ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە، ئەو حوکمانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت، هەروەها بە هیچ جۆرێک پیرۆزی شەممەکانی منیان ڕانەگرت. لەبەر ئەوە فەرمووم لە چۆڵەوانیدا من تووڕەیی خۆم بەسەریاندا دەبارێنم بۆ کۆتایی پێهێنانیان. بەڵام ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا گڵاو نەبێت لەبەرچاو ئەو نەتەوانەی لەبەرچاویان دەرمهێنان. هەروەها لە چۆڵەوانیدا سوێندم بۆ خواردن کە نەیانهێنم بۆ ئەو خاکەی کە پێم دابوون، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت و باشترینی هەموو خاکەکانە، لەبەر ئەوەی حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد، بەڵکو شەممەکانی منیان گڵاوکرد، چونکە دڵیان دوای بتەکانیان کەوت. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم بەزەیی پێیاندا هاتەوە لە لەناوبردنیان، جا کۆتاییم پێ نەهێنان. لە چۆڵەوانی بە ڕۆڵەکانی ئەوانم فەرموو: ’بە ڕێگای فەرزی باوکانتاندا مەڕۆن و حوکمەکانیان مەپارێزن و بە بتەکانیان خۆتان گڵاو مەکەن. من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم، ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن. شەممەکانیشم پیرۆز ڕابگرن، جا دەبێت بە نیشانەیەک لەنێوان من و ئێوەدا، تاوەکو ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم.‘ «”ڕۆڵەکانیشیان لێم یاخی بوون، ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان نەپاراست هەتا کاری پێ بکەن، ئەوانەی ئەگەر﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت،﴾ هەروەها شەممەکانی منیان گڵاوکرد. جا فەرمووم، تووڕەیی خۆم دەرببڕم، هەتا لە چۆڵەوانی هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم. بەڵام دەستم هەڵگرت و ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا لەبەرچاو ئەو نەتەوانە گڵاو نەبێت کە لەبەرچاویان دەرمهێنان. هەروەها لە چۆڵەوانی سوێندم بۆ خواردن کە بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان بکەم و بەسەر خاکەکاندا بڵاویان بکەمەوە، چونکە گوێڕایەڵی حوکمەکانی من نەبوون، بەڵکو فەرزەکانی منیان ڕەتکردەوە و شەممەکانی منیان گڵاوکرد و چاویان بەدوای بتەکانی باوکیانەوە بوو. هەروەها من ئەو فەرزانەم پێدان کە باش نین و ئەو حوکمانەی کە پێی ناژین، ڕێم دا کە خۆیان گڵاو بکەن، بەوەی کە هەموو نۆبەرەیەکی خۆیان کرد بە دیاری و بە ئاگر سووتاندیانن، بۆ ئەوەی بیانتۆقێنم تاوەکو بزانن کە من یەزدانم.“ «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەشدا باوکانتان کفریان لە دژی من کرد کە ناپاکییان کرد: کاتێک ئەوانم هێنایە ئەو خاکەی سوێندم بۆ خواردبوون کە بیدەمە ئەوان، جا هەر گردێکی بەرز و هەر دارێکی پڕ گەڵایان بینی، لەوێ قوربانییەکانیان سەربڕی، لەوێ پێشکەشکراوەکانیان پێشکەش کرد کە مایەی تووڕەبوونی منە. لەوێ بخوورە بۆنخۆشەکانیان پێشکەش کرد، لەوێ شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەش کرد. پێم فەرموون: ئەم نزرگەی سەر بەرزاییە چییە کە بۆی دێن؟“» جا لەو ڕۆژەوە ناوی لێنرا، باما. «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوەش بە ڕێگای باوکانتاندا دەڕۆن، بە وێنە قێزەونەکانیان خۆتان گڵاو دەکەن و لەشفرۆشی دەکەن؟ بە پێشکەشکردنی دیارییەکانتان و سووتاندنی منداڵەکانتان و بە هەموو بتەکانتان هەتا ئەمڕۆش گڵاو دەبن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێ بدەم ئیتر ئێوە پرسیارم لێ بکەن؟ بە گیانی خۆم ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. «”ئەوەی بە خەیاڵتاندا دێت هەرگیز نایەتە دی، کە دەڵێن: ’وەک نەتەوەکان دەبین، وەک هۆزەکانی زەوی، دار و بەرد دەپەرستین.‘
حزقیێل 20 بخوێنەوە
گوێگرتن لە حزقیێل 20
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: حزقیێل 1:20-32
5 Days
Ezekiel is one of the more unusual prophets, and he brings to light some very interesting and revolutionary prophetic insights. We will look at some in this short series of reflections. Ezekiel, a major prophet, prophesied to Israel when he and they were in exile in Babylon - speaking of their past, about their present, and to their future.
Save verses, read offline, watch teaching clips, and more!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان