لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عەزرا 1:10-12

عەزرا 1:10-12 KSS

کە عەزرا نوێژی دەکرد و دانی پێدا دەنا و بە گریانەوە لەبەردەم ماڵی خودا کەوتبوو، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئیسرائیل، لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لێی کۆبوونەوە، چونکە گەل گریانێکی بەکوڵ دەگریان. ئینجا شەخەنەیای کوڕی یەحیێل لە نەوەی ئیلام وەڵامی دایەوە و بە عەزرای گوت: «ئێمە ناپاکیمان لەگەڵ خودامان کرد، ژنی بێگانەمان لە گەلانی خاکەکەوە هێنا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئیسرائیل هیوای بەمە هەیە: با ئێستا پەیمانێک لەگەڵ خوداماندا ببەستین، کە هەموو ژنەکان و ئەوانەی لەوان لەدایک بوونە دەریانبکەین، بەپێی ڕاوێژی گەورەم و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خودامان دەترسن، با بەپێی تەورات کار بکرێت. هەستە! ئەم کارە لەسەر تۆیە و ئێمەش لەگەڵتداین. ئازابە و دەستبەکاربە!» ئیتر عەزرا هەستا و کاهینە باڵاکان و لێڤی و هەموو ئیسرائیلی سوێند دا کە کار بەم پێشنیارە بکەن، ئەوانیش سوێندیان خوارد. پاشان عەزرا لەبەردەم ماڵی خودا هەستا و چووە ژوورەکەی یەهۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤ. بەرەو ئەوێ چوو، بێ ئەوەی نان بخوات و ئاو بخواتەوە، چونکە بەهۆی ناپاکی ڕاپێچکراوەکانەوە شینی دەگێڕا. ئینجا لە یەهودا و ئۆرشەلیم بانگەوازیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە تاوەکو لە ئۆرشەلیم کۆببنەوە، بەپێی ڕاوێژی کاربەدەستەکان و پیران، هەرکەسێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامادە نەبێت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دەگیرێت و خۆشی لە کۆمەڵی ڕاپێچکراوەکان جیا دەکرێتەوە. لە ماوەی سێ ڕۆژەکە هەموو پیاوانی یەهودا و بنیامین لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، واتا لە بیستی مانگی نۆ، لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و هەموو گەل بە ترسەوە لەناو گۆڕەپانەکەی ماڵی خودا دانیشتن، لەبەر بابەتەکە و لەبەر بارانەکە. ئینجا عەزرای کاهین هەستا و پێی گوتن: «ئێوە ناپاکیتان کرد، ژنی بێگانەتان هێنا بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بخەنە سەر خراپەی ئیسرائیل. ئێستا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دانی پێدا بنێن و ئەوە بکەن کە پێی خۆشە، خۆتان لە گەلانی خاکەکە و لە ژنە بێگانەکان داببڕن.» هەموو کۆمەڵەکە بە دەنگێکی بەرز وەڵامیان دایەوە: «چۆنت پێ گوتین، ئاوا دەکەین.