لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 8:14-24

پەیدابوون 8:14-24 KSS

ئینجا پاشاکانی سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما، چەبۆئیم و بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. دۆڵی سیدیم پڕ بوو لە چاڵە قیر، بۆیە هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا لە کاتی هەڵاتندا کەوتنە نێو چاڵەکانەوە، بەڵام پاشاکانی دیکە بۆ چیاکان هەڵاتن. ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەک و خۆراکەکانی سەدۆم و عەمۆرایان برد و ڕۆیشتن. هەروەها لوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو. یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەمۆری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. کە شەو داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون و هێرشی بردە سەریان و تەفروتونای کردن و هەتا حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها لوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە. دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە. مەلکیسادقی پاشای شالیمیش کە کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، نان و شەرابی بۆ ئەبرام هێنا. ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، ئەبرام بەرەکەتدار بکات. ستایش بۆ خودای هەرەبەرز کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.» ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا. ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.» بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، کە لە ماڵ و سامانی تۆ هیچ شتێک نەبەم، تەنانەت تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگێکی پێڵاو، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“ تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ. با ئەوانیش بەشی خۆیان وەربگرن.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان