لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 22:31-42

پەیدابوون 22:31-42 KSS

ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە. ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە. خودا لە شەودا هاتە خەونی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریا بە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.» کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا. لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت. بۆچی بەدزییەوە ڕاتکرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟ تەنانەت ڕێگات پێنەدام کە نەوە و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد. لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“ ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی ماڵی باوکتی، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟» یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە. بەڵام ئەوەی کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل بتەکانی دزیوە. ئیتر لابان چووە ناو هەر یەک لە چادرەکانی یاقوب و لێئە و هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل. ڕاحێل بتەکانی بردبوو و خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابان بە تەواوی ناو چادرەکەی پشکنی، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ڕاحێل بە باوکی گوت: «گەورەم، تووڕە مەبە کە ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە. یاقوب تووڕە بوو، بۆیە بەگژ لاباندا چوو و پێی گوت: «تاوانم چییە؟ چ گوناهێکم کردووە کە ئاوا گڕت گرت و بەدوامدا هاتیت؟ ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن. «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد. ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو. بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو. ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی. ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان