لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 1:50-14

پەیدابوون 1:50-14 KSS

یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد. ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد. مۆمیاکردنەکە چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کارەکە تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان. کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن، کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش ڕێگام بدە کە بچم باوکم بنێژم و بگەڕێمەوە.» فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و بەو جۆرەی سوێندی داویت، باوکت بنێژە.» ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون، لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت. کۆمەڵێکی زۆر گالیسکە و ئەسپ سواریش لەگەڵی چوون. ئینجا گەیشتنە سەر جۆخینەکەی ئاتاد، کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا. یوسف حەوت ڕۆژ ماتەمی بۆ باوکی دانا. کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە. کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد. جا کوڕەکانی هەڵیانگرت و بردیان بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، ئەوەی کە ڕووەو مەمرێیە و ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان. ئیتر یوسف و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون، دوای ناشتنی باوکی گەڕانەوە بۆ میسر.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان