لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

حەبەقوق 5:2-14

حەبەقوق 5:2-14 KSS

لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات، لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە، چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە، وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت، هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و هەموو گەلان بە دیل دەگرێت. «ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن: «”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات! ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“ ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟ ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟ ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان. لەبەر ئەوەی تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد، ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن، لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد. «قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت، تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت! پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا، شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند. لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە. «قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت. ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت، شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟ چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.