لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبرانییەکان 1:9-15

عیبرانییەکان 1:9-15 KSS

ڕاستە کە پەیمانەکەی یەکەم ڕێوڕەسمی خزمەت و پیرۆزگای زەمینییە. چادری پەرستن هەڵدرا، لە ژووری یەکەم چرادان و مێز و نانی تەرخانکراوی تێدابوو کە پێی دەگوترا شوێنی پیرۆز. پشتی پەردەی دووەم، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا شوێنی هەرەپیرۆز، بخووردانێکی زێڕین و سندوقی پەیمانی تێدابوو کە لە هەموو لایەکانی بە زێڕ ڕووپۆش کرابوو. لەناو ئەمەش گۆزەیەکی زێڕین هەبوو مەنی تێدابوو، لەگەڵ گۆچانەکەی هارون کە گەڵای سەوزی کردبوو، هەروەها دوو تەختە بەردەکەی پەیمان. لەسەریشی کەڕوبەکانی شکۆ سێبەریان کردبووە سەر قەپاغی کەفارەت. لێرەدا بە وردی ناتوانین باسی ئەمانە بکەین. کاتێک شتەکان ئاوا ڕێکخرابوون، کاهینان هەموو کاتێک دەچوونە ژووری یەکەم بۆ جێبەجێکردنی خزمەت. بەڵام بۆ ژووری دووەم تەنها سەرۆکی کاهینان ساڵی جارێک دەچوو، ئەویش بێ خوێن نەدەبوو. خوێنەکەی لە پێناوی خۆی و گوناهەکانی گەل پێشکەش دەکرد کە بە نەزانی کردوویانە. بەمەش ڕۆحی پیرۆز ئاماژەی دەکرد کە هەتا چادری پەرستن لەسەر زەوی بێت، ڕێگای شوێنی هەرەپیرۆز لە ئاسمان ئاشکرا ناکرێت. ئەوەش هێما بوو بۆ ئەم سەردەمە، کە تێیدا دیاری و قوربانی پێشکەش دەکرێت، ناتوانێت ئاسوودەیی بە ویژدانی ئەوانە ببەخشێت کە خودا دەپەرستن. ئەوانە تەنها ڕێوڕەسمی ڕواڵەتین کە چڕدەبێتەوە لەسەر خواردن و خواردنەوە و شێوازەکانی شوشتن، هەتا کاتی داڕشتنەوەی نوێ. بەڵام کاتێک مەسیح وەک سەرۆکی کاهینان هات بۆ ئەو شتە باشانەی ئێستا هەن، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتا هی بەدیهێنراو نییە. بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت، چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت، پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە، ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین. لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.