ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن: یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم، لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم. دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ، لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە، منی کردە تیرێکی تیژکراو، لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە. بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت، ئیسرائیل، ئەوەی بەهۆیەوە شکۆی خۆم دەردەخەم.» منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم، لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت، بەڵام دادم لەلای یەزدانە و پاداشتم لای خودامە.» ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت، یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا، بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی، تاوەکو یاقوب بۆ لای ئەو بگەڕێنمەوە و ئیسرائیلیش بخەمەوە پاڵ ئەو، جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و خوداشم دەبێتە هێزم، ئەو دەفەرموێت: «ئەمە شتێکی کەمە بۆ تۆ کە بەندەی من بیت بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست، بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.» یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت: بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە، بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان: «پاشایان دەبینن و هەڵدەستن، میرانیش کڕنۆش دەبەن، لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»
ئیشایا 49 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ئیشایا 49
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ئیشایا 1:49-7
Save verses, read offline, watch teaching clips, and more!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان