لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 1:54-10

ئیشایا 1:54-10 KSS

«ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ، ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە، ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە، لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ، چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،» یەزدان دەفەرموێت. «شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە، پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە، دەست مەگێڕەوە، گوریسەکانت درێژ بکە و سنگەکانت توند بچەقێنە، چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت، نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە. «مەترسە، چونکە ڕیسوا نابیت. گاڵتەت پێ ناکرێت، چونکە شەرمەزار نابیت. ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت، ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە، چونکە مێردی تۆ دروستکەرەکەی تۆیە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە. ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە، پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی. وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان یەزدان بانگت دەکاتەوە، وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،» خودات دەفەرموێت. «بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت، بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە. بە زریانی تووڕەییەوە بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی، بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی بەزەییم پێتدا هاتەوە،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە. «ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت. ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و لێت ڕانەخوڕم. هەرچەندە چیاکان نامێنن و گردەکان دەهەژێن، بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ ئیشایا 54:1-10 شێوەکاری؟؟؟