لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕابەران 11:19-30

ڕابەران 11:19-30 KSS

لەو کاتەدا لە نزیک یەبوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیک بوو لە ئاوابوون، خزمەتکارەکە بە گەورەکەی گوت: «وەرە با بچین بۆ ئەم شارەی یەبوسییەکان و تێیدا بمێنینەوە.» بەڵام گەورەکەی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێکی بێگانە کە هیچ کەسێکی لێ نییە لە نەوەی ئیسرائیل بێت، بەڵکو دەپەڕینەوە بۆ گیڤعا.» ئینجا بە خزمەتکارەکەی گوت: «با بەرەو پێش بچین، بەڵکو شەو لە گیڤعا یان لە ڕامە بمێنینەوە.» ئیتر پەڕینەوە و ڕۆیشتن، لە نزیک گیڤعای بنیامینەوە خۆریان لێ ئاوابوو. بەلای گیڤعادا لایاندا و چوونە ئەوێ تاکو شەو لەوێ بمێننەوە. لە مەیدانی شارەکە دانیشتن، بەڵام کەس نەیگرتنە خۆیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە. لەو کاتەدا پیرەمێردێک دەمەو ئێوارە لە کێڵگەوە لە کار دەگەڕایەوە، ئەم پیاوە خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، لە گیڤعادا نیشتەجێ بوو، خەڵکی شارەکەش بنیامینی بوون. پیرەمێردەکە چاوی هەڵبڕی و پیاوە ڕێبوارەکەی لەناو مەیدانی شارەکەدا بینی، پێی گوت: «بۆ کوێ دەچیت و لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش پێی گوت: «ئێمە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە هاتووین بۆ شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەچین. من خەڵکی ئەوێم و چووم بۆ بێت‌لەحمی یەهودا، ئێستا بەرەو ماڵی یەزدان دەچم و کەسیش نییە بمگرێتە خۆی. هەروەها کا و ئالیکمان پێیە بۆ گوێدرێژەکانمان، خۆم و ژنەکەم و خزمەتکارەکەم نان و شەرابمان پێیە. پێویستمان بە هیچ نییە.» پیرەمێردەکە گوتی: «بەخێر بێیت، هەموو پێداویستییەکانت لەسەر من، بەڵام لە مەیدانەکە مەمێنەوە.» ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانەوە. لەو کاتەدا کە دەحەوانەوە، پیاوە بەدڕەوشتەکانی شارەکە ماڵەکەیان گەمارۆ دا و لە دەرگاکەیان دا، لەگەڵ پیرەمێردەکەی خاوەنی ماڵەکە قسەیان کرد و گوتیان: «ئەو پیاوەی کە هاتە ناو ماڵەکەت بیهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بین.» خاوەن ماڵەکە چووە دەرەوە بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براکانم، کاری خراپ مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هاتووەتە ناو ماڵەکەی من، ئەم بێ ئابڕووییە مەکەن. ئەوەتا کچە پاکیزەکەم و کەنیزەی پیاوەکە، تکایە با بیانهێنمە دەرەوە و لاقەیان بکەن، چیتان پێ خۆشە لەگەڵیاندا بیکەن، بەڵام ئەم بێ ئابڕووییە لەگەڵ ئەم پیاوەدا مەکەن.» بەڵام پیاوەکان نەیانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوەکە کەنیزەکەی گرت و ناردییە دەرەوە بۆیان. ئەوانیش بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لاقەیان کرد و بە خراپی لەگەڵیدا ڕایانبوارد، بەرەبەیان بەڕەڵایان کرد. بەرەبەیان ژنەکە هات و هەتا ڕۆژ بووەوە لە بەردەرگای ماڵی پیاوەکەدا کەوت، کە گەورەکەشی لەوێ بوو. کاتێک گەورەکەی بەیانی هەستا و دەرگاکانی ماڵەکەی کردەوە و هاتە دەرەوە هەتا بەڕێ بکەوێت، لەو کاتەدا ژنە کەنیزەکەی لە بەردەرگای ماڵەکە کەوتبوو و دەستی لەسەر سەکۆیەکە بوو. پێی گوت: «هەستە با بڕۆین.» بەڵام وەڵام نەبوو. ئینجا خستییە سەر گوێدرێژەکە و گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی. کاتێک گەیشتەوە ماڵ، چەقۆیەکی هێنا و کەنیزەکەی گرت و پەلپەلی کرد، کردی بە دوازدە پارچە و ناردنی بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل. جا هەرکەسێک بینی گوتی: «لە ڕۆژی کۆچکردنی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسرەوە هەتا ئەمڕۆ شتی وا نەبووە و نەبینراوە. لێی وردبنەوە و ڕاوێژ بکەن و قسەی لەسەر بکەن!»