لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕابەران 10:2-23

ڕابەران 10:2-23 KSS

هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان، نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست. وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خوداوەندە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دەوروبەریان کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن، چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست. تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش، بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن، ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن. بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان، هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن. ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین. ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن. بەڵام نە تەنها گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان کرد بەوەی دوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون. هەر جارێک یەزدان ڕابەری بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە. بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت، ئیتر منیش هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن. بەکاریاندەهێنم بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە و بزانم ئاخۆ وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن یان نا.» ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنابوو و بە خێرایی دەرینەکردبوون و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.