لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕابەران 24:5-31

ڕابەران 24:5-31 KSS

«بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان، یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن. داوای ئاوی کرد شیری پێدا، لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی بۆ هێنا. دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و دەستی ڕاستی بۆ چەکوشی کرێکار. لە سیسرای دا و سەری شکاند، کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد. لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، ڕاکشا، لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و مرد. «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و لە کڵاوڕۆژنەوە دەستی بە شیوەن کرد. ”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟ بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“ ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە، بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە: ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن، کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک، تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا، جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو، جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم، هەمووی وەک تاڵانی؟“ «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان! بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.» ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.