لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕابەران 3:6-16

ڕابەران 3:6-16 KSS

هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان. لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ. لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن. ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد. کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە، یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان. پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.» ئینجا فریشتەی یەزدان هات و لەژێر دار بەڕووەکەی عۆفرا کە هی یۆئاشی ئەبیعەزەری بوو دانیشت. گدعۆنی کوڕی یۆئاشیش لە گوشەرەکە گەنمی دەکوتا بۆ ئەوەی لە میدیانییەکانی بشارێتەوە. جا فریشتەی یەزدان بۆ گدعۆن دەرکەوت و پێی فەرموو: «ئەی جەنگاوەری بەهێز، یەزدانت لەگەڵە.» گدعۆنیش پێی گوت: «گەورەم لێت دەپرسم، ئەگەر یەزدان لەگەڵماندایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو کارەساتەمان بەسەرهات؟ کوا هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە باوکانمان پێیان ڕاگەیاندین و گوتیان: ”ئایا یەزدان نەبوو لە میسرەوە دەریهێناین؟“ ئێستاش یەزدان وازی لێ هێناوین و ژێردەستەی میدیانی کردووین.» ئینجا یەزدان ئاوڕی لێدایەوە و گوتی: «بەم توانایەتەوە بڕۆ و ئیسرائیل لە دەستی میدیان ڕزگار بکە. من تۆ دەنێرم.» گدعۆنیش لێی پرسی: «ئای گەورەم! ئیسرائیل بە چی ڕزگار بکەم؟ ئەوەتا خێڵەکەم بێهێزترین خێڵی مەنەشەیە و منیش لە ماڵی باوکم لە هەموویان بچووکترم.» یەزدانیش وەڵامی دایەوە: «من لەگەڵت دەبم و لە هەموو میدیانییەکان دەدەی وەک ئەوەی لە تەنها پیاوێک بدەی.»