لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:10-16

یەرمیا 1:10-16 KSS

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن، هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن. نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە: درەختی بڕاوەی دارستانن، دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات، بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن بۆ ئەوەی نەلەقن. وەک داوەڵی لە بێستانی خەیاردان، بتەکانیان قسە ناکەن، بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن، چونکە هەنگاو نانێن، لێیان مەترسن، چونکە زیانبەخش نین، هەروەها ناتوانن هیچ سوودێک بگەیەنن.» ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە، تۆ مەزنیت، لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە. کێ لێت ناترسێت، ئەی پاشای نەتەوەکان؟ چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە. لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و لە هەموو شانشینەکانیان، کەس هاوتای تۆ نییە. تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون، شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن. زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و زێڕ لە ئوفازەوە. دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە، بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە، هەمووی دەستکردی وەستایانن. بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە، ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە، زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن. «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“» بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە، بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە، بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە. کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت، هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە، بروسکە بۆ باران دروستدەکات، با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت. هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە، هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە، چونکە داڕێژراوی درۆن و ڕۆحیان تێدا نییە. ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین، لە کاتی سزادانیان لەناودەچن. بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە، چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە، ئیسرائیل هۆزی میراتی ئەویشی داناوە، یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.