قوڕبەسەرم دایکە، چونکە منت بوو، پیاوێک کە دەمەقاڵێ و ململانێی لەگەڵ سەراپای خاکەکە هەیە! نە قەرزم کردووە و نە قەرزیان داومەتێ، کەچی هەمووان نەفرەتم لێ دەکەن. یەزدان فەرمووی: «بێگومان بۆ مەبەستی چاک دەربازت دەکەم، بێگومان وا دەکەم دوژمن لە کاتی بەڵا و لە کاتی تەنگانەدا لێت بپاڕێنەوە! «کەس دەتوانێت ئاسن بشکێنێت، ئاسنی باکوور و بڕۆنز؟ «سامان و گەنجینەکانت دەکەم بە تاڵانی، بەبێ نرخ، لەبەر هەموو گوناهەکانت، لە سەراپای خاکەکەت. دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت، لە خاکێک نەتناسیبێت، چونکە تووڕەییم گڕی گرتووە وەک ئاگرێک دەتانسووتێنێت.» «ئەی یەزدان، تۆ دەزانیت، بەبیری خۆتم بهێنەرەوە و گرنگیم پێبدە، تۆڵەم بستێنەوە لە چەوسێنەرانم. وا مەکە بەهۆی پشوودرێژی تۆ لەناوبچم، بزانە کە لەبەر تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت. کاتێک فەرموودەکانی تۆ هات، خواردم بۆم بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی دڵم، چونکە من ناوی تۆم هەڵگرتووە، ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار. قەت لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانەنیشتووم، لەگەڵیشیان دڵخۆش نەبووم. بە تەنها دانیشتم، چونکە دەستی تۆم لەسەر بوو، پڕت کردم لە تووڕەیی. بۆچی ژانم کۆتایی نایەت، برینەکەم بێ چارەیە و نایەوێت چاک بێتەوە؟ ئایا وەک کەندێکی فریودەر دەبیت بۆم، وەک کانییەک جێی متمانە نەبێت؟» لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەگەر تۆبە بکەیت، دەتگەڕێنمەوە لای خۆم تاکو وەک بەندەی خۆم لەبەردەستم ڕاوەستیت. ئەگەر قسەی بە نرخ بکەیت، نەک بێبەها، دەتکەمە وتەبێژی خۆم. با ئەو گەلە بگەڕێتەوە لای تۆ، بەڵام تۆ نەگەڕێیتەوە لای ئەوان. دەتکەمە شوورا بۆ ئەو گەلە، شوورایەکی بڕۆنزی پتەو، لەگەڵت دەجەنگن بەڵام دەرەقەتت نایەن، چونکە من لەگەڵتدام، بۆ ڕزگارکردن و بۆ فریاکەوتنت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لە دەستی خراپەکاران فریات دەکەوم و لە چنگی زۆرداران دەتکڕمەوە.»
یەرمیا 15 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەرمیا 15
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەرمیا 10:15-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان