لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 2:24-10

یەرمیا 2:24-10 KSS

یەکێک لە سەبەتەکان هەنجیرەکەی زۆر باش بوو وەک هەنجیری یەکەم بەر، لە سەبەتەکەی دیکەشدا هەنجیرێکی زۆر خراپ، لە خراپیدا نەدەخورا. جا یەزدان پێی گوتم: «یەرمیا، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «هەنجیر. هەنجیرە باشەکە زۆر باشە، هەنجیرە خراپەکەش زۆر خراپە، لە خراپیدا ناخورێت.» ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک ئەو هەنجیرە باشە، من ڕاپێچکراوەکانی یەهودا بە باش دادەنێم، ئەوەی لەم شوێنەوە ناردم بۆ خاکی بابلییەکان. چاوم دەخەمە سەریان بۆ چاکە و دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە و بنیادیان دەنێم و نایانڕووخێنم، دەیانچێنم و ڕیشەکێشیان ناکەم. دڵێکیان دەدەمێ بۆ ناسینم، کە من یەزدانم و ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دەگەڕێنەوە لام.“» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”وەک ئەو هەنجیرە خراپەش کە لە خراپیدا ناخورێت، ئاوا هەڵسوکەوت لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانی و پاشماوەی ئۆرشەلیمدا دەکەم، ئەوانەی لەم خاکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی لە خاکی میسر نیشتەجێن. هەموو شانشینەکانی زەوی لێیان دەتۆقن و دەیانکەمە بەڵا و ڕیسوایی و پەند و گاڵتەجاڕی و نەفرەت لە هەموو ئەو شوێنانەی دەریاندەکەم بۆی. شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە سەریان، هەتا بە تەواوی لەناودەچن لەسەر ئەو خاکەی دامە خۆیان و باوباپیرانیان.“»