یەرمیا 20:5-31
یەرمیا 20:5-31 KSS
«ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن: ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن، ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن، گوێتان هەیە و نابیستن: ئایا لە من ناترسن؟» هەروەها یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟ من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور، بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت. شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت، هاژەی دێت و تێناپەڕێت. بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە، لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن. لە دڵی خۆیاندا ناڵێن، ”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی، لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“ تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد، گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن. «بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە، وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن، تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن. وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار، ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ، لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون، قەڵەو و تێر بوون. هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن، پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن، بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد. ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟ ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «تۆقین و سەرسوڕماویێک لە خاکەکەدا ڕوویدا: پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن، کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن، گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە. بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟



