لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 17:11-46

یۆحەنا 17:11-46 KSS

کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە. بێت‌عەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو. ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە. ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.» عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.» مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێتەوە.» عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟» پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.» پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای. عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی. ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت. کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.» عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.» جا عیسا گریا. لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!» بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی چاک کردەوە، ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟» دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو. عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.» مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.» عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟» ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.» کە ئەمەی فەرموو، بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو. عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.» لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا. بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن.