لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:3-17

یۆحەنا 1:3-17 KSS

پیاوێک لە فەریسییەکان هەبوو بە ناوی نیقۆدیمۆس، یەکێک بوو لە ڕابەرانی جولەکە. بە شەو هاتە لای عیسا و پێی گوت: «ڕابی، دەزانین تۆ مامۆستایەکی لەلای خوداوە هاتوویت، چونکە کەس ناتوانێت ئەو پەرجووانە بکات کە تۆ دەیکەیت، ئەگەر خودای لەگەڵ نەبێت.» عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.» نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە!» عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە. سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“ با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک بووە ئاوایە.» نیقۆدیمۆس گوتی: «چۆن دەکرێ ئەمانە ڕووبدەن؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ مامۆستایەکی ئیسرائیلی و ئەمانەش نازانیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین و ئەوەی دەیبینین شایەتی بۆ دەدەین، ئێوەش شایەتیمان قبوڵ ناکەن. باسی شتە زەمینییەکانم بۆتان کرد و باوەڕ ناکەن، ئیتر چۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانییەکانتان بۆ بکەم؟ کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان هاتووەتە خوارەوە، کە ئەویش کوڕی مرۆڤە. هەروەک موسا لە چۆڵەوانی مارەکەی بەرزکردەوە، ئاواش دەبێ کوڕی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.» لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت.