لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 43:4-54

یۆحەنا 43:4-54 KSS

پاش ئەو دوو ڕۆژە عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ جەلیل، چونکە خۆی فەرمووبووی کە پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت. لەبەر ئەوە کاتێک هاتە جەلیل، جەلیلییەکان پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینیبوو کە لە جەژندا لە ئۆرشەلیم کردبووی. عیسا دیسان هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب. لەو شارۆچکەیەدا کاربەدەستێکی پاشا هەبوو کە کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو. کاتێک کە بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.» کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.» عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت. کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە. جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.» باوکەکە زانی کە ڕێک ئەو کاتە بووە کە عیسا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا. ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە عیسا کردی، دوای ئەوەی لە یەهودیاوە هاتە جەلیل.