دوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی جەلیل، کە دەریاچەی تەبەرییەیە، ئاپۆرەیەک لە خەڵک دوای کەوتبوون، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد. ئینجا عیسا چووە سەر شاخ و لەوێ لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشت. جەژنی پەسخەی جولەکەش نزیک بوو. کاتێک عیسا چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی دەهاتنە لای، بە فیلیپۆسی فەرموو: «لەکوێ نان بکڕین و ئەمانە نان بدەین؟» ئەمەی گوت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە خۆی دەیزانی دەبێت چی بکات. فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: «بایی دوو سەد دیناریش نان بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەرکەوێت.» یەکێک لە قوتابییەکانی کە ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس بوو پێی گوت: «کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیە. بەڵام ئەوەندە چییە بۆ ئەم هەمووە؟» عیسا فەرمووی: «خەڵکەکە دابنیشێنن.» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو، جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن. عیساش نانەکانی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد، پاشان بەپێی پێویست دابەشی کرد بەسەر ئەوانەدا کە دانیشتبوون. بۆ ماسییەکانیش هەمان شتی کرد. کاتێک هەمووان تێربوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکەنانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچ بەفیڕۆ نەڕوات.» ئەوانیش کۆیان کردەوە و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لەو پەلکەنانەی ئەو پێنج نانە جۆیەی لە نانخۆران مابووەوە. لەبەر ئەوە کە خەڵکەکە بینییان عیسا چ پەرجووێکی کرد، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە کە بۆ جیهان دێت.» عیسا زانی ئەوان بە نیازن بێن و بیگرن تاکو بیکەنە پاشا، دیسان بە تەنها چووە سەر شاخ.
یۆحەنا 6 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 6
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 1:6-15
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان